1416102023_aaaaaa_1_770x420.jpg

نوێترین زانیاری لەبارەی مووچەی هێزە ئەمنییەکانەوە

Jul 8, 2024  |   كوردستان 

بەمەبەستی وردبینیکردنی لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان، بڕیارە ئەمڕۆ وەفدێک لە عێراقەوە بگاتە هەرێم.

میدیای فەرمی یەکێتی بڵاویکردەوە، بڕیارە ئەمڕۆ وەفدێکی حکومەتی عێراق بۆ وردبینیکردن لە لیستی مووچەی مانگی ئایاری پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکان سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەن.

وەفدەکە پێکھاتووە لە دیوانی چاودێری دارایی و وەزارەتی دارایی عێراق. بەپێی وتەی ئەندام پەرلەمانێکی عێراقیش، پرۆسەی وردبینییەکە 10 ڕۆژی پێویستە.

ڕۆژی ڕابردوو، سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای کرد، سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق پێی ڕاگەیاندووە کە: لەئەنجامی وردبینی لیستەکان داوای زانیاریمان لەحکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بەهۆی هەبوونی تێبینی لەسەر لیستی هێزە ئەمنیەکان، حکومەت درەنگ رەزامەند بووە بەپێدانی زانیاری لەسەر لیستەکان بۆ ئەمەش شاندێکی چاودێری دارایی دێتەوە هەرێم و پێویستیان بە 10 ڕۆژی دیکەیە بۆ تەواوکردنی ڕاپۆرتی وردبینی.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان لە رۆژی 8ـی 4ـی 2024دا مووچەی مانگی سێیان وەرگرت، هەروەها لە رۆژی 12ـی 6ـی 2024 دا مووچەی مانگی چواریان وەرگرت، تا ئێستاش مووچەی مانگی پێنجیان وەرنەگرتووە و چارەنووسی مووچەی مانگی شەشیان نادیارە، بەوپێیە لەماوەی سێ مانگدا تەنها یەک مووچەیان وەرگرتووە.