8662024_ganm-_770x420.jpg

دەست بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران کرا

Jun 6, 2024  |   كوردستان 

لە هەرێمی کوردستان دەرگای سایلۆکان بەرووی جووتیاراندا کرایەوە و دەست بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران کرا. وەزیری بازرگانی هەرێمیش رایگەیاند، پڕۆسەری وەرگرتنی گەنم تاوەکو 40 رۆژ بەردەوام دەبێت، رۆژانەش تاوەکو کاتژمێر 5ی ئێوارە گەنم وەردەگرن.

کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ جەختی لەوە کردەوە کە بڕی 700 هەزار تەن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت.

وەزارەتى کشتوکاڵى هەرێمى کوردستان لەگفتوگۆکانى لەگەڵ وەزارەتى کشتوکاڵى فیدراڵ داواى کرد زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن بەرهەمى گەنمى جووتیارانى هەرێمى کوردستان وەربگرن، بەڵام بەغدا ئەو بڕەى رەتکردەوە.

وەزیری بازرگانی هەرێم وتی، هەموو ئامادەکاری و ئاسانکارییەکمان کردووە بۆ جووتیاران، بەڵام پێویستە جووتیاران پسولەی وەزارەتی کشتوکاڵیان پێ بێت.

روونی کردەوە:" ئێمە جەخت لەسەر ئەو پسولانە دەکەین، بۆیە داواکارین هەر جووتیارێک بیەوێت گەنمەکەی ڕادەستی ئێمە بکات، دەبێت پسولەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی پێبێت، بەبێ ئەو پسولە ئێمە ناتوانین گەنم لە هیچ کەسێک وەربگرین."

ڕاشیگەیاند، هەموو ساڵێک لە 1-6 دەرگای سایلۆکان دەکرێتەوە، بەڵام ئەمساڵ 2 بۆ 3 ڕۆژ بەراورد بەساڵی پار درەنگترە، ڕاشیگەیاند، ئێمە وەکو وەزارەتی کشتوکاڵ کەمتەرخەم نین، لە مانگی یەکەوە داوای هاتنی لیژنەی کشتوکاڵی عێراقیمان کردووە بۆ ئەوەی پشکنینی مەیدانی بکات، بەڵام خۆیان دواکەوتوون، هەروەها داوای کۆبوونەوەی لیژنەی 57مان کردووە کە سەرۆکی لیژنەکە وەزیری کشتوکاڵی عێراقە، بەڵام ئەوان دواکەوتوون و نەهاتوون تاوەکو دانووستان بکەین.