Apr 9, 2024 | كوردستان
ڕاگەیەندراوی (بزوتنەوەی چاکسازیی نیشتمانی) بەبۆنەی (٤/٩) ساڵڕۆژی ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس..
جەماوەری خۆڕاگری کوردستان
گەلی کورد خەبات و تێکۆشان و قوربانیە زۆر و زەوەندەکانی لە پێناو ئازادی و ڕزگاری نیشتمان و دیموکراتیدا زۆر قۆناغی سەختی تێپەڕاند .
سەرئەنجام لە ساڵی (٢٠٠٣) لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا ڕژێمی خوێنڕێژی بەعس لەلایەن هاوپەیمانان و بە پشتگیری گەلانی عێراق ڕوخاو سەرانی ستەمکاری ڕژێمەکەش بە دادگا کراوی فڕێدرانە زبڵدانی مێژوەوە لەپای ستەم و تاوانکاریەکانیان بەرامبەر بە مرۆڤایەتی .
بۆیە (٤/٩) ی هەموو ساڵێک ڕۆژێکی مێژووییە بۆ گەلەکەمان بەتایبەتی و گەلانی عێراق بەگشتی ،هەر بۆیە لەو ڕۆژەدا جەخت لەسەر یەکڕیزیی و یەکگرتوویی گەلەکەمان دەکەینەوە بۆ قۆناغەکانی داهاتووی خەبات .
چونکە دەسەڵاتدارێتیە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق نەیانتوانی چارەسەری دۆزی کورد بکەن لە ڕابردودا ئێستاش لەدوای ڕوخانی ڕژێمەوە و پاش (٢١) ساڵ لە عێراقی نوێدا هێشتا کێشەی کورد چارەسەری دەستوری و یەکلاکەرەوەی بۆ نەکراوە ،
بۆیە پێویستە هەموولایەک لە خەمی ئەیندەی کوردستاندا بین و بە یەکگرتوویی کار لەسەر دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلەکەمان بکەینەوە و ڕوبەڕوی هەر مەترسی و پێشهاتێک ببینەوە لە پێناوی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان کە سەدان ساڵە خەباتی لەپێناودا دەکرێت .
سڵاو و درود بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان
بزوتنەوەی چاکسازیی نیشتمانی
٢٠٢٤/٤/٩