102732024_SSSEEEEEE_770x420.webp

سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی: گوندەكان تاپۆ دەكەین

Mar 27, 2024  |   كوردستان 

سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لەچوارچێوەی روپێوكردنی گوندەكانی ناو سنووری شارەوانییەكەیان، بۆ ئامادەكردنی نەخشەی وردكاریی، لەماوەیەكی پێوانەییدا نەخشەی وردكارییان بۆ دەیان گوند ئامادەكردووە و تاپۆدەكرێن.

بەپێی راگەیەندراوێك كە لەلایەن سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی بڵاوكرایەوە "لەلایەن لیژنەیەكی پسپۆڕ لەئەندازیارانی تەلارسازیی شارەوانییەوە كاری دیزاینی گوندەكان دەكرێن، بۆ ئەوەی بەزوترین كات ڕێكارەكانی تاپۆكردنی بۆ ئەنجامبدرێت". 

هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە"دوێنێ نەخشەی نۆ گوند بەدیزاینكردنەوە كۆتاییهات‌ و دەستبەجێ ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی شارەوانی‌و پارێزگای سلێمانی كراون بۆ جێبەجێكردن، دیلمان لەتیف سەرۆكی لیژنەی ناوەندی بۆ تاپۆكردنی خانوە زیادەڕۆكان ڕایگەیاندوە، تاپۆكردنی ژمارەیەك گوند لەهەفتەی داهاتوەوە دەكەونە بواری جێبەجێكردنەوە، گوندەكانیش ئەمانەن: خاك، دابان، عەزیزئاوا، كانی سەفەر، ڕازیانەی كانی شینكە". 

شارەوانیی سلێمانی چەند روونكردنەوەو ڕێنمایی دیكەی سەبارەت بەم بابەتە ڕاگەیاندووە و دەڵێت" ئەوكەسانەی لەماوەی یاساییدا داواكارییان پێشكەش بەپارێزگای سلێمانی كردوە، با (كارتی نیشتمانی) یان (ڕەگەزنامەو پێناس)ی خۆیان‌و هاوسەریان لەماڵەوە كۆپی بكەن‌و ئامادەبكەن‌و چاوەڕوانی پەیوەندیی تەلەفۆنیی لیژنە لاوەكییەكانی شارەوانی بكەن". 

وەك شارەوانی سلێمانی ئاماژەی پێكردووە،" ئەگەر ئەوكەسانە ژمارە مۆبایلەكانیان گۆڕیوە، كە كاتی خۆی لەسەر داواكارییەكە نوسیوتانە، ئەوا سەردانی لیژنەی لاوەكی سەر بەشارەوانییەكەتان بكەن بۆ دانانی ژمارەی نوێی مۆبایلەكەتان". 

سەبارەت بە وردەكاریی بڕیارەكەش شارەوانی سلێمانی دەڵێت"زۆرینەی هەرە زۆری ئەو خانوانە بەڕێژەی 5%ی بەهای زەویی ژێر خانوەكە تاپۆ دەكرێت، واتە ئێمە بەهای بینای خانوەكە هەژمارناكەین”.

بەپێی روونكردنەوەی شارەوانی سلێمانیش،" یەكێك لەمەرجەكانی تاپۆكردن ئەوەیە، داواكار خاوەنی بینای خانوەكە بێت، بۆیە ئەگەر كەسێك لەپاش داواكاریكردن خانوەكەی فرۆشتبێ‌و لەكاتی سەردانی لیژنە لاوەكییەكانیاندا كڕیارەكە لەخانوەكەدا بێت ئەوا تاپۆكردنی خانوەكە ڕەتدەكرێتەوە، بۆیە داوا لەهاوڵاتیان دەكەن، مامەڵە بەو خانوانەوە نەكەن تا تاپۆ دەكرێن".