1416102023_aaaaaa_1_770x420.jpg

وەزارەتی دارایی عیراق: مووچەی مانگی ئادار رەوانەی هەرێم ناكەین

Mar 11, 2024  |   كوردستان 

وەزارەتی دارایی عیراق، دادگای فیدراڵی ئاگاداردەكاتەوە لەوەی كە مووچەی مانگی ئادار بۆ هەرێم رەوانە نەكات، تا ئەو كاتەی مەرجەكانی جێگیركردن (توطین)ی مووچە لە بانكە حكومییەكان تەواو نەكرێت. 

بەپێی راگەیەندراوێك كە لەلایەن وەزارەتی دارایی عیراق بڵاوكرایەوە" پارەداركردن بۆ مووچەی مانگی شوبات بۆ هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووە، بەو پێیەی میكانیزمی جێگیركردنی مووچە پێویستی بە ماوەیەك هەیە، تەنیا بۆ ئەم مانگە، مووچەی مانگی شوبات رەوانە دەكرێت، بەڵام بۆ مانگی ئادار، تا مەرجەكانی جێگیركردنی مووچە لە بانكە حكومییەكان لەلایەن هەرێمەوە تەواو نەكرێت، مووچە رەوانەناكرێت". 

وەزارەتی دارایی عیراق، بەرپرسیارێتی یاسایی دەخاتە ئەستۆی حكومەتی هەرێم، سەبارەت بە راستی و دروستی ئەو زانیارییانەی پێشكەش بە لایەن و دەزگانی چاودێریی و یاسایی كراون، لەگەڵ خەرجكردنی بۆ ئەو كەسانەی شایستەی وەرگرتنى مووچەكەن. 

 

هەروەها وەزارەتی داراریی عیراق، داوای لە وەزارەتی نەوت و كۆمپانیای سۆمۆش كردووە، سەبارەت بە مەودوای پابەندبوونی حكومەتی هەرێم بە ماددەكانی (11) و (12) پەیوەست بە بودجە و رادەستكردنی نەوت و هەناردەكردنی نەوتی هەرێم، ئاگادار بكرێتەوە.