11632024_tyui_770x420.webp

دەستبەسەر بڕێكی زۆر لە دەرمان و دەرزی لەشجوانیدا دەگیرێت

Mar 6, 2024  |   كوردستان 

ئاسایشی هەولێر لە فرۆشگایەكی تایبەت بە فرۆشتنی پڕۆتین (تەواوكارە خۆراكییەكان)ـی یاری لەشجوانی، دەستیگرت بەسەر بڕێكی زۆر دەرزی و دەرمانی قاچاخ.

د. محەمەد رەشید، بەرپرسی چاودێری دەرمان بەمیدیاكانی نزیك لەپارتی راگەیاندووە:" لەو فرۆشگایە زیاتر لە 16 جۆر دەرزی و دەرمانی جۆراوجۆر دەستی بەسەرداگیراوە، كە 350 دەرزی و 500 پاكەت دەرمانی جۆراوجۆرە، هەروەها هیچیان رێگەپیدانی وەزارەتی تەندروستیان نییە و بەشێوەیەكی قاچاخ هاوردە كراون."

وتیشی: ئەو هۆڕمۆنە بەشێك لە یاریزانانی لەشجوانی بۆ گەورەكردنی ماسولكە بەژاری دەهێنن، بۆیە شوێنی فرۆشتنی تەواوكارە خۆراكییەكان بەشێوەیەكی قاچاخ هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكەن و دەیفرۆشن، هەروەها ئەو دەرزییە ماددەیەكی مەترسیدارە، دەبێت بە راچێتەی پزیشكی پسپۆر بەكار بهێنرێت، كە دوای چەندین پشكنین دكتۆر ئەو دەرزییە بۆ نەخۆش دادەنێت.

د. محەمەد رەشید ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو دەرزی دەرمانانەی ئەو فرۆشگایە بەشێوەیەكی قاچاخ هاوردە كراوە، بۆیە ئەو دەرزییانە یان هیچ ماددەیەكی چالاكی تێدانییە، یاخود لە وڵاتانی دەرەوە بە قاچاخ هێنراوە، بۆیە ئەوە وای كردووە بەشێك لە یاریزانانی لەشجوانی تووشی زەرەر و زیانی گەورە بن.

دەشڵێت: ئەگەر سەردانی كلینیكی دكتۆرانی گورچیلە بكەین، دەبینین زۆربەی سەردانیكەرانی ئەو پزیشكانە یاریزانی لە شجوانیین.