Oct 9, 2023 | چاكسازی
بەیاننامەی (بــزوتنەوەی چــاكسازیـی نــیشتمانی) بەبۆنەی ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنیەوە
جەماوەری خۆڕاگری كوردستان
هەڤاڵان وچاكسازیخوازانی بەئەمەك
بەبۆنەی نۆهەمین ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی (بزوتنەوەی چاكسازیی نیشتمانی) بەگەرمی پیرۆزباییتان لێدەكەین ،ڕاگەیاندنی بزوتنەوەی چاكسازیی نیشتمانی لە قۆناغێكی جیاواز و وەك پێویستی پڕكردنەوەی هەل و مەرجەكە خۆی ڕاگەیاند ،هەر بۆیە ئەو یادە پیرۆزە دەكەینە وێستگەی بەردەوامی خەبات بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواكانی گەلەكەمان شان بەشانی پارت و لایەنە تێكۆشەرەكانی تری كوردستان .لە چوارچێوەی سیاسەتێكی هێمن و پەیوەست بە پاراستنی بەرژەوەندیە باڵاكانی گەل و نیشتمان .
لە كاتێكدا یادی ساڵڕۆژی بزوتنەوەكەمان دەكەینەوە عێراق و ناوچەكە لەبەردەم ئاڵۆزی و گۆڕانكاری سیاسی و ئابووری و سەربازیدایە و دۆخەكە لەسەرهێڵی گوزەری مەترسیدایە ،بۆ ڕوبەڕوبونەوەی مەترسیەكان و بارودۆخە ئاڵۆزەكە گەلەكەمان پێویستی بە یەكگرتوویی و یەكخستنەوەی ماڵی كورد هەیە بۆ تێپەڕاندنی هەر مەترسیەك لەسەر قەوارەی هەرێم و گەلەكەمان .
چارەسەری سیاسی و میكانیزمی گفتوگۆ وەك شێوازو خەباتی سەردەمیانە و سودوەرگرتن لە پەیوەندی دۆستانی جیهان و ناوچەكە بكرێتە بنەمای ڕەواندنەوەی هەر مەترسیەك لەسەر كوردستان و چارەسەركردنی گرفت و قەیرانەكانی خەڵك و هاوڵاتیان لەڕوی بژێوی و خزمەتگوزاری و دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستە بە خەڵكی كوردستان دەبێتە مایەی ئارامی و ئاشتی و خۆشگوزەرانی كە پێویستە هەموو لایەك هەوڵی بۆبدات .
وە هەروەها پێویستە هەموولایەك هاو هەڵوێست و داكۆكیكاری ڕاستەقینەبێت بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستوریەكانی گەلەكەمان و جەخت لەسەر جێبەجێَكردنی مادەی (140) ی دەستوری بكرێتەوە وەك جەوهەری كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.
قەوارەی دەستوریی هەرێمی كوردستان دەستكەوتی مێژوویی و بەرهەمی خوێنی شەهیدانە دەبێت هەمولایەك بیپارێزین ، وەحكومەتی هەرێمی كوردستان پێویستەهەوڵی جدی بدات بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و جێبەجێكردنی داواكارییەكانی هاوڵاتیان و خەمی خەڵك بڕەوێنێتەوە لە ڕێگای چاكسازیەكی گشتگیر كە پێشینە بداتە بابەتە گرنگەكاكانی خزمەتگوزاری ، هەر لە ڕوانگەی پڕ بەرپرسیارێتی نیشتمانیەوە هەوڵی بەهێزكردنەوەی لایەنداری نیشتمانی بدرێت و وابەستەبوونی تاك بە نیشتمان بكرێتە بنەمای گەشەی سیاسی و ئابووری و ئارامی وڵات ،لە كۆتاییدا داواكارین هێزەسیاسیەكانی كوردستان بەوپەڕی بەرپرسیارێتی مێژوییەوە بەسازان و یەكتر قبوڵكردن دۆخی ئێستای كوردستان تێپەڕێنن , جارێكی تر پیرۆزبایی لە هەڤاڵان و تێكۆشەران و جەماوەری خۆڕاگری گەلەكەمان و چاكسازیخوازانی بەئەمەك دەكەین .
شاد و سەركەوتوو بن
بزوتنەوەی چاكسازیی نیشتمانی