Jun 25, 2024 | كوردستان
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستەی راوێژکاریی ئیدارەی کەرکووکی هەڵوەشاندەوە. جگە لە لەسەرکارلادان و هەڵوەشاندنەوەی دەستەکە، بڕیاردراوە پێداچوونەوە بە کار و بڕیارەکانی شەش ساڵی رابردووش دا بکرێت.
ئەم دەستەیە لە سەرۆکێک و چوار راوێژکار پێکهاتبوو، ئەرک و دەسەڵاتی دەستەی راوێژکارانی ئیدارەی کەرکووک بریتی بووە لە؛ سەرپەرشتی دامەزراندن، دابەشکردنی زەوی و جێبەجێکردنی پرۆژەکانی کەرکووک، سەرۆکی دەستەکە بە کەسی دووەمی ئیدارەی کەرکووک دادەنرا و کەسێکی نزیک و باوەڕپێکراوی راکان جبووری بوو.
لەسەر داوای وەزیری پلاندانی عیراق و بەپشتبەستن بە مادەی 34ـی یاسای پارێزگاکان، مانگی رابردوو حکومەتی عیراق لیژنەیەکی تایبەتی سەبارەت بە دەستەی راوێژکاری ئێدارەی کەرکووک پێکهێناو لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی لیژنەکە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عیراق بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دەستەکەی دا.
نووسراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران سێ بڕیاری لەخۆگرتووە؛ هەڵوەشاندنەوەی دەستەکە و پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر بڕیار و ئیمزاکانی دەستەکە و دوورخستنەوەی سەرۆکی دەستەکەیە لە کاروباری دەوڵەت.
سەباح شێخ حەبیب ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە میدیای حزبەکەی راگەیاند: "جگە لە لەسەرکارلادان و هەڵوەشاندنەوەی دەستەکە، سەرۆکوەزیرانی عیراق بڕیاریداوە پێداچوونەوە بە کار و بڕیارەکانی شەش ساڵی رابردووی دەستەکەدا بکات کە تەنها لەلایەن پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکوکەوە پشتیوانییان دەکرا".
هاوکات ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند: "پارێزگاری بە وەکالەت زۆر پشت ئەستوور بوو بەو دەستەیە و ئێستا ئەو پشتەی نەما، بەرپرسان لە بەغدا بە خودی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش سوورە لەسەر ئەوەی کە ئەم جۆرە دۆسیانە هەڵداتەوە و ئەمەش واتای ئەوەیە هەموو ئەو واژۆ و ناحەقیەی بەرامبەر کورد کراوە لەم شارە هیچیان بۆ ناچێتە سەر."