Feb 26, 2024 | كوردستان
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە واشنتۆن-ی پایتەختی ئەمریكا لەگەڵ ئەنتۆنی بلینكن-ی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە كۆبوەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە واشنتۆن، چاوی كەوت بە مەسرور بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری.
شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە یاوەری سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی دەكەن پێكهاتووە لە شۆرش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، بەیان سامی عەبدولرەحمان، راوێژكاری سەرۆكوەزیران و تریفە عەزیز، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكا و چەند راوێژكارێكی دیكە.
هاوكات شاندی یاوەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا هەریەكە لە باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی نزیك، ڤیكتۆریا تایلەر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و چەند بەرپرسێكی دیكەی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا پێكهاتوون.
ئێوارەی شەممە، بە بانگهێشتێكی فەرمی، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتە واشنتۆنی پایتەختی ئەمەریكا و بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی راگەیاندنی مەسرور بارزانی، چەندین دیداری لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لە كۆشكی سپی، وەزارەتی دەرەوە و كۆنگرێس دەبێت كە تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكان، پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا و دوایین گۆڕانكاری و پەرەسەندنەكانی دۆخی گشتی عێراق و ناوچەكە دەبێت