Jan 17, 2024 | كوردستان
وەزیری دەرەوەی عیراق زانیاری نوێ لەبارەی دەستپێكردنەوی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت، رێككەوتن لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی كراوەو بەم زووانە نەوتی هەرێم هەناردە دەكرێتەوە.
د. فوئاد حوسێن، لە پەراوێزی كۆڕبەندی داڤۆس، لە پانێڵێك دا لە ماڵی كوردستان، رایگەیاند: چەند هەفتەیەك پێش ئێستا بە سەرۆكایەتیی شاندێكی باڵای حكومەتی عیراق چووینە ئەنكەرەی پایتەختی توركیا و دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، یەكێك بوو لە تەوەرەكانی گفتوگۆكانمان.
وتیشی:" ئێستا هیچ كێشەیەك لە بەندەری جەیهان و بۆری گواستنەوەی نەوت نییە، لایەنی توركیا ئامادەییان دەربڕیوە دەست بە هەناردەكردنی نەوت بكەنەوە، بەڵام كێشەكە لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵدایە".
وەزیری دەرەوەی عیراق ئاماژەی بەوەشكرد، لەچەند رۆژی رابردوودا رێككەوتنێك لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی واژۆ كراوە بەمبەستی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم، چاوەڕوانین بەمزووانە دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوتەكە بكرێت.