1518122023__n_770x420.webp

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان كۆتایی هات

Dec 18, 2023  |   كوردستان 

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق كۆتایی هات و دەرگای ناوەندەكان بەرووی دەنگدەراندا داخران، رێژەی بەشدارییكردنیش لەسەرتاسەری عێراق كەم بوو.

كاتژمێر شەشی ئێوارەی ئەمرۆ كۆتایی هات بە پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق و دەرگای ناوەندەكانی دەنگدان بەرووی هاووڵاتیاندا داخرا.

پێشتر عومەر ئەحمەد محەمەد، سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمیسیاران لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەلبژاردنەكان رایگەیاندبوو: ئامێرەكان بەباشی كاریان كرد و هیچ بەربەستێكی هونەری و تەكنیكییان تووش نەبووە، بەردەوامیش لەژێر چاودێریی نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكان و پاڵێوراوان و چاودێرانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا بوون.

ئەو بەرپرسەی كۆمسیۆن راشیگەیاند: بەپێی راپۆرتەكان تا كاتژمێر 12 ی نیوەرۆ رێژەی گشتیی بەشدارییكردن لەسەدا 17 بوو.

هەر بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆن رێژەی بەشدارییكردن لە پارێزگای كەركووك بەبەراورد بە پارێزگاكانی دیكە زۆرترین بووە، بەو پێیەی لەسەدا 32 ی ئەو كەسانەی مافی دەنگدانیان هەبووە، دەنگیان داوە.

هاوكات هەر ئەمرۆ بەهۆی كەمیی رێژەی بەشدارییەوە لە هەڵبژاردنەكان، وەقفی سونیی عێراق داوای لە تەواوی مزگەوتەكانی سەر بە وەقفەكە كرد، لەرێگەی بڵندگۆی مزگەوتەوە داوا بكەن هاووڵاتییان بچن بۆ دەنگدان و بەشداریی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكەن.