Oct 17, 2023 | كوردستان
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، بانكێكی دیكە بەشداری لە پرۆژەی (هەژماری من) دەكات و پرۆژەكەش دەبێتە هۆی دروستبوونی كێبڕكێیەكی تەندروست لە نێوان بانكەكاندا.
بەپێی راگەیەندراوێك كە لەلایەن فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوكرایەوە"حكومەتی هەرێمی كوردستان بە خۆشحاڵییەوە رایدەگەیەنێت، كە بانكی BBAC دەبێتە یەكێكی دیكە لەو بانكانەی بەشداری لە پرۆژەی (هەژماری من) دەكات، بەمەش كۆی ژمارەی بانكە بەشداربووەكان دەبێتە چوار بانك".
"هەژماری من" بە هەنگاوێك بۆ بەرەوپێشبردنی كەرتی بانكی و بەدیجیتاڵكردنی پارەدان بۆ زیاتر لە یەك ملیۆن فەرمانبەر، كارمەندانی هێزە ئەمنییەكان و خانەنشینی حكومەتی هەرێمی هەرێمی كوردستان، دادەنرێت، ئەمەش پشتبەستن بە مامەڵەی كاش كەمدەكاتەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێم دەڵێت" لەڕێی هەژماری من، فەرمانبەرانی كەرتی گشتی، خانەنشینان و هێزە ئەمنییەكان، بە شێوەیەكی پارێزراو و شەفاف و گونجاو لە رێگەی تۆڕێك لە ئامێری راكێشانی پارەوە (ATM) كە زیاتر لە هەزار بنكە لە تەواوی هەرێمی كوردستان دادەنرێت، دەتوانن دەستیان بە مووچەكانیان بگات".