Oct 15, 2023 | كوردستان
هاتووچۆی هەولێر رایدەگەیەنێت، سەرجەم كامێراكانی خاڵ بۆ خاڵ لەسەر شەقامی 120 مەتری وەكو تاقیكردنەوە دەخرێنەكار، شۆفێرانیش ئاگادار دەكاتەوە كە لەسەرەتای هەفتەی داهاتوو كامێراكان سەرپێچییەكان تۆماردەكەن.
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای هەولێر، لەئاگادارییەكدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە بڵاویكردووەتەوە، سەرجەم شوفێران و هاووڵاتیانی ئاگاداركردووەتەوە كە بەمەبەستی پابەندكردنی شوفێران بەڕۆیشتن بەخێرایی دیاریكراو لەشەقامی 120 مەتریی خێرا، كە ئەوپەڕی خێرایی 110كم لەكاتژمێرێكە، لەئەمڕۆوە تاوەكو كاتژمێر 12ی شەوی رۆژی 21ی ئەم مانگە، سەرجەم كامێراكانی خاڵ بۆ خاڵ بە درێژایی شەقامەكە بەكاردەخرێت.
هاتووچۆی هەولێر ئاماژەی بەوەكردووە، بەكارخستنی كامێراكانی خاڵ بۆ خاڵ لە شەقامی 120 مەتری، بەشێوەی تاقیكردنەوەیەو مەبەست لێی بەرزكردنەوەی ئاستی سەلامەتییە لەو شەقامە.
لە ئاگادارییەكەدا هاتووە، لەرۆژی 22ی ئەم مانگەوە كامێراكان سەرپێچییەكانی هاتووچۆ تۆماردەكەن، بۆ ئەو مەبەستەش داوای لە شۆفێران كردووە بۆ پاراستنی خۆیان و سەروماڵیان، پابەندی لێخوڕین بن بەخێرایی دیاریكراو.