Nov 29, 2017

ناوی پێشمەرگە شوێنی وڵاتانی جیھان دەگرێتەوە



فیلمی "پێشمەرگە"ـی دەرھێنەر و بیرمەندی ناسراوی فەڕەنسی، بیرنارد ھێنری لێڤی، لەناو بارەگای سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، بە ئامادەبوونی سەدان بیانی و دیپلۆماتکار و کەسایەتی جیھانی نمایشکرا.


لەو ھۆڵەی فیلیمی پێشمەرگەی تێدا نمایشکرا، لەسەر مێزی نوێنەری ھەر وڵاتێک، لە بری ناوی وڵاتەکە ناوی پێشمەرگە نوسرابوو.


باڵیۆزی فەڕەنسا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کە وڵاتەکەی لەگەڵ بریتانیا کارەکەیان رێکخستبوو، باسی لە ناوەرۆکی فیلمەکە کردو ڕۆڵی پێشمەرگەی بەرز نرخاندووە.


دواتی نمایشکردنی فیلمەکە، بێرنارد ھێنری لێڤی قسەی بۆ ئامادەبووان کرد و وێڕای شەرمەزار کردنی جیھانی ڕۆژئـاوا لە بارەی ھەڵوێستەکانیان بەرامبەر کوردستان پشتیوانی خۆی بۆسەربەخۆیی کوردستان دووپات کردوە.


بەڵام بۆ ئەوەی رێگە لە نمایشکردنی فیلمی پێشمەرگە بگرن و رێگە نەدەن دەرھێنەرەکەی (بێرنارد ھێنری لێڤی) وتار پێشکەش بکات، نوێنەرانی عێراق و تورکیا ھەوڵێکی زۆریاندابوو، بەڵام ھەوڵەکانیان پێ ئـاکام بووە.


پێشتریش ھێنری لێڤی لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆری کۆمەڵایەتی تویتەرەوە نوسیبووی: "فیلمی "پێشمەرگە" لە نەتەوە یەکگرتووەکان نمایشکرا. ھەموو باڵیۆزەکانی سەرانسەر جیھان، ئازایەتی و دڵنەرمی کوردیان لە رێگەی پێشمەرگەوە بینی".


فیلمەکە پێشتر لە چوارچێوەی چالاکییەکانی خولی ٦٩ـیەمینی فێستیڤاڵی کانی سینەمایی نمایشکرابوو.

فیلمەکەی ھێنری لێڤی ماوەی ٩٢ خولەکە و باسی ئەو شەڕ و بەرەنگاربوونەوانەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە جەنگی داعش دەکات.

بێرنارد ھێنری لێڤی لەگەڵ تیمێکی بچووکدا، لە رووبەرێکی ١٠٠٠ کیلۆمەتری ھێڵەکانی رووبەرووبوونەوەی پیشمەرگە لەگەڵ چەکدارانی داعش وێنەی گرتووەو وێنەیەکی روونی لەبارەی ئازایەتی و دڵنەرمی پێشمەرگە بەرامبەر دوژمنان خستووەتەڕوو.

بێرنارد ھێنری لێڤی، بیرمەندی فەرەنسی، ستایشی پیشمەرگە دەکات و لەوبارەیەوە بە کوردستان٢٤ی راگەیاند، جیھان ھەمووی قەرزاری کورد و پێشمەرگەیە و پێویستە ھەرچی زووە ئەو قەرزە بدەنەوە.

لێڤی گوتیشی: کورد لەسەر رێگەی راستە و مێژوو و ئەزموون سەلماندوویەتی کە لە کۆتاییدا راستی و دادپەروەری سەردەکەوێت.

جەختیشیکردەوە، کورد خیانەتی لێکراوە، بەڵام دۆخەکە درێژە ناکێشێت و دادپەروەری لە بەرژەوەندی کورد دایە و لە کۆتاییدا ئەو دۆخەی ئێستا بە قازانجی کورد دەشکێتەوە.

پێشتر ھێنری لە چەند تویتێکدا رایگەیاندبوو، ئەو دەیسەلمێنێت پەندە کوردیەکە "تەنھا چیاکانمان ھاوڕێمانن" دروست نیە و کورد زۆر دۆستی نێودەوڵەتیشی ھەیە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ جوڵاندنی ھەست و بەدەستھێنانی پاڵپشتی نوێنەری ١٩٣ وڵات بە ئاشنابوونیان بە بارودۆخی کورد و ھاوکات گرنگی پێدانی میدیای نێودەوڵەتی.

لێڤی لە تویتێکدا دەڵێت: ئەم فیلمە دەرچەیەکی چوونە ناوەوەی پرسی کورد و کوردە بۆ ناو نەتەوە یەکگرتووەکان. بێرنارد ھێنری لێڤی دەشڵێت ئەو فیلمە بەڵگەنامەییە بۆ رێزگرتنە لە خەباتی پێشمەرگە.