وەرزی دروێنەی دانەوێڵە لە سلێمانی دەستپێدەکات

لە ناوەراستی مانگی حوزەیرانەوە دروێنەی دانەوێڵە لە پارێزگای سلێمانی دەستپێدەکات و چاوەڕواندەکرێت بەرھەمی گەنمی پارێزگاکە ٢٥٠ بۆ ٣٠٠ ھەزار تۆن بێت.
وەرزی دروێنەی دانەوێڵە لە یەکی نیسانەوە لە پارێزگاکانی باشور ناوەراستی عێراق دەستیپێکردووە و لە ٢٠ی ئایار لە پارێزگای نەینەوا و لە ١٥ی حوزەیران لە پارێزگای سلێمانی پرۆسەکە دەستپێدەکات.
بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانی رایگەیاندووە، بۆ وەرزی ئەمساڵ ملیۆنێک و ٢٠٠ ھەزار دۆنم زەوی کراوە بەدانەوێڵە و چاوەڕواندەکەن بەرھەمی دانەوێڵەیان بگاتە ٢٥٠ بۆ ٣٠٠ ھەزار تۆن، بەھۆی بارانبارانێکی زۆر، بەرھەمی ئەمساڵی دانەوێلەَیان بەراورد بە ساڵی رابردوو زۆر زیاترە و بەشی بەکاربردنی پارێزگاکە گەنمیان ھەیە کە ساڵانە بە ٢٣٠ ھەزار تۆن مەزەندە دەکرێت.
وەزارەتی بازرگانی عێراق پێشبینیکردووە بەرھەمی ئەمساڵی دانەوێڵە بگاتە ٤ ملیۆن تۆن لەکاتێکدا عێراق بۆ پێداویستی ناوخۆیی پێویستی بە ٤ ملیۆن و ٦٠٠ ھەزار تۆنە.