نوێترین زانیاری لەسەر دابەشکردنی مووچە

حکومەتی عیراق 400 ملیار دیناری خستە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و پێشبینی دەکرێت دابەشکردنی مووچە دەستپێبکات.
میدیای نزیك لە پارتی دیموکراتی کوردستان لە زاری سەرچاوەیەکی وەزارەتی داراییەوە بڵاویکردەوە، لەم هەفتەیەدا دابەشکردنی مووچەی مانگی چوار دەستپێدەکات.
ئەمەش دوای ئەوە هات کە ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی دارایی رایگەیاند: لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕی 200 ملیار دینار گەیشتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عیراق.
دوای ئەوەش فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: تەواوی 400 ملیار دینارەکەی بەغدا خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان.
بە هۆی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە گرفت بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بووە، هەرچەندە تا ئێستا چەندجارێک محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عیراق جەختیکردووەتەوە لەوەی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵییە.