Mar 16, 2023

ڕاگەیەندراوێك لە بزوتنەوەی چاكسازیی نیشتمانیەوە


ڕاگەیەنراوی (بزوتنەوەی چاكسازیی نیشتمانی) بەبۆنەی(35) هەمین ساڵڕۆژی كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە و دەوروبەری ...

جەماوەری خۆڕاگری كوردستان ...
لەسەد ساڵی ڕابردوودا گەلەكەمان لەبەردەم حوكمی ئاگر و ئاسن و كۆمەڵكوژی و ژەهربارانكردنی ڕژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقدا بووە بەمەبەستی لەناوبردن و سڕینەوەی ئاسەواری نەتەوایەتی كورد ، یەكێك لەنامرۆڤانەترین تاوانەكان تاوانی كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە و دەوروبەری بوو، كە هەزاران شەهید و برینداری لێكەوتەوە و جیهانی هێنایە دەنگ ، ئەمساڵ لە كاتێكدا یادی ئەو تاوانە پڕئازارە دەكەینەوە كە بارودۆخی كوردستان بە دۆخێكی ناسەقامگیری سیاسی و كێشەی هاوڵاتیاندا گوزەردەكات ،هەروەها ناوچەكە و جیهان لەبەردەم گۆڕانكاری خێراو كاریگەردایە ،پێویستەهەنگاوی جدی بنرێت بە ئاراستەی یەكخستنەوەی ماڵی كورد و سازان لەپێناوی پاراستنی بەرژەوەندیە باڵاكانی گەل و نیشتمان ،یەكهەڵوێستی و یەكگرتوویی بەرامبەر بە هەموو ئەگەرە چاوەڕوانكراوەكان لەلایەك و هەوڵدانی خێرا بۆ چارەسەركردنی دۆخی خراپی هاوڵاتیان و دەستەبەركردنی ژیان و گوزەرانێكی شایستە بە خەڵكی كوردستان زەرورەتی قۆناغەكەیە ، هەروەها ئاوڕدانەوەی زیاترلەپارێزگای هەڵەبجە و چارەسەركردنی كێشە و كەمو كوڕیەكانی كەسو كاری شەهیدان و بریندارانی كیمیابارانكردن ئەركێكی نیشتمانی و مرۆڤانەیەوپێویستە بكرێتە كاری لەپێشینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان . هەروەها پێویستە بۆ بەزیندوو هێشتنەوەی تاوانی ژەهربارانكردنی شاری هەڵەبجە و شەهیدبوونی (5)هەزار هاوڵاتی سڤیل و بێتاوان بە فەرمی ڕۆژی(16/3)ی هەموو ساڵێك بكرێتەپشوو بۆ ئەوەی لە بیری نەوەكانی داهاتوو نەچێتەوە و هەمیشە وەك نەشتەرێك بچەقێتە دڵی داگیركەران ،هەروەها هەموو هەوڵەكان بخرێتە گەڕ بۆ قەرەبوكردنەوەی تاوانی كۆمەڵكوژی شەهیدانی هەڵەبجە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراقەوە .هەر بۆیە جارێكی تر لە یادی ساڵڕۆژی تاوانی كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجەدا داوای چارەسەری كێشە و قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان و یەكخستنەوەی ماڵی كورد دەكەین .لە كۆتاییدا درود بۆ ڕۆحی پاكی شەهیدانی كیمیابارانی هەڵەبجە و هەموو شەهیدانی گەلەكەمان دەنێرین .

بزوتنەوەی چاكسازیی نیشتمانی
16-3-2023