مەسرور بارزانی: داوایەك ئاڕاستە تیمی یەكێتی لەحكومەت دەكات

سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان داوا لەتیمی وزاری یەكێتی نیشتمانی دەكات، بگەڕێنەوە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران.
ئەمڕۆ دووشەممە 6-3-2023 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی و بەبێ ئامادەبوونی تیمی یەكێتی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
مەسرور بارزانی لەسەرەتا كۆبوونەوەكە، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان كرد بە بۆنەی ساڵیادی ڕاپەرینی جەماوەری ساڵی 1991 .
مەسرور بارزانی لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا، داوای لە تیمی وەزاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كرد كە بگەڕێنەوە بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران و رایگەیاند:" چەندین جارە داوا لە تیمی وەزاری بەڕێزی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكرێ بەشداری لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران بكەن و لە ئاستی بەرپرسیارەتی خۆیان و متمانەی خەڵك و پەرلەمان بن. بە نووسراوی فەرمیش، داوایان لێكراوە كە بگەڕێنەوە."
پاشان لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا، ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە ، لە ڕاپۆرتێكی بەرفراواندا، كار و پلانە ستراتیژییەكانی وەزارەتی پەروەردەی خستەڕوو، كە بریتی بوو لە پێداچوونەوە بە پرۆگرامەكانی خوێندن، ڕاهێنانی مامۆستایان، هەڵسەنگاندنی قوتابخانەكان ، خزمەتگوزارییە دیجیتەڵییەكان ، ژێرخانی پەروەردەیی و بەشداری هەرێمی كوردستان لە هەڵسەنگاندنە نێودەوڵەتییەكان.
مەسرور بارزانی، دەستخۆشی لە وەزیر و كارمەندانی وەزارەتی پەروەردە كرد بۆ كاركردنی بەردەوامیان لە جێبەجێكردنی كارنامەی چاكسازی كابینەی نۆیەم لە بواری پەروەردە و ئەنجامدانی ژمارەیەك لە پلانە ستراتیژییەكان .
بڕگەی دووەم، بریتی بوو لە خستنەڕووی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بەرەنگاربوونەوەی شووشتنەوەی مایە و مایەداركردنی تیرۆری ئیتیحادی ساڵی 2015 لە هەرێمی كوردستان كە لە لایەن ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان خرایەڕوو.
ئامانج لەم پڕۆژە یاسایە ، بەرەنگاربوونەوەی پرۆسەكانی سپیكردنەوە و شوشتنەوەی مایە و ڕێگریگرتنە لە مایەداركردنی تیرۆر و لێكەوتە زیانبەخشەكانی لە سەر ئابووری و كۆمەڵگە .
ئەنجومەنی وەزیران بە كۆی دەنگ، پڕۆژە یاساكەی پەسەند كرد.
لە بڕگەی كۆتاییدا، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی ، پێشنیاری دووبارە ڕێگەپێدان بە دامەزراندن و تۆماركردنی كۆمپانیاكانی بواری دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكانی پێشكەش كرد كە ماوەی چەند ساڵێكە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران وەستاوە .
ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، كە بەدواداچوونی ورد و هەمەلایەنی ئەم بابەتە بكرێت و لە چوارچێوەی پڕۆژەیەكی گشتگیردا، بۆ ئەنجومەنی وەزیران ئامادە بكرێت، بە ئاراستەی پاراستنی بەرژەوەندی گشتیی هاووڵاتییان و پێشخستنی بواری تەندروستی و لە چوارچێوەی كارنامەی كابینەی نۆیەم بۆ چاكسازی لە كەرتی تەندروستی و دەرمان و خۆراك، كە پێویستە بۆ ئەم مەبەستە، دامەزراوەی خۆراك و دەرمانی هەرێمی كوردستان دابمەزرێت.