Jan 16, 2023

کورد ئامادەکاریی بۆ کۆنگرەی ١٠٠ ساڵەی لۆزان دەکات


لە چوارچێوەی ئامادەکاریەکان بۆ سازدانی کۆنگرەی سەد ساڵەی لۆزان، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان و کۆمیتەی ئامادەکاری ١٠٠ ساڵەی لۆزان کۆبووەوە.

سالار مەحمود ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، بەرنامەیەکی بەرفراوانی چالاکی دیبلۆماسی دانراوە و پلانی بەشداریکردنی ھەموو کەس و لایەنێکی نیشتمانپەروەر رێک دەخرێت.

روونیشیکردەوە کە رۆژانی ١٤-١٥ی ئەم مانگە کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان KNK لە برۆکسل، لەگەڵ کۆمیتەی دیبلۆماسی لایەنە سیاسیەکان و کۆمیتەی ئامادەکار گفتوگۆی کرد و بیروڕای گۆڕیەوە لەسەر دانانی میکانیزمی گونجاو بۆ بەڕێوەچوونی چالاکیەکان بەباشی.

ئەوەشیخستەڕوو کە دەیان نوێنەری پارت و دامەزراوە کوردییەکان لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا کۆبوونەوە، بۆ ١٠٠ هەمین ساڵڕۆژی پەیمانی لۆزان بڕیاریاندا لە ناوەندەکانی ئەوروپا بە چالاکی جۆراوجۆر دژی رێکەوتنەکە ناڕەزایی دەردەبڕێت.

راشیگەیاند کە بەپێی پەیماننامەی لۆزان کوردستان دابەشکراو خاکی کوردستان بەسەر چوار وڵاتدا پارچەکرا. جینۆسایدی گەلی کورد لەسەد ساڵی رابردوودا دەگەڕێتەوە بۆ دابەشکردنی کوردو کوردستان و کوردان کرانە پێخۆری داگیرکەرانی ناوچەکە.

سالار مەحمود وتیشی، لە ١٠٠ ساڵەی لۆزندا کورد دەیەوێ ئەوەی لەدەستچووە و لەدەستدراوە وەریبگرێتەوە. داگیرکەرانیش دەیانەوەێ ئەوەی بەدەست ھاتووە لەناوی بەرن.