Nov 22, 2022

شەپۆلێكی بارانبارین تەواوی ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە


بەشی پێشبینی لەوەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێشبینییەكانی بۆ رەوشی كەشوهەوای ئەمڕۆو سبەینێی شارەكان بڵاوكردەوەو پێشبینییش دەكات شەپۆڵێكی بارانبارین روو لە هەرێمی كوردستان دەكات و تەواوی ناوچە جیاجیاكان دەگرێتەوە.

بەگوێرەی پێشبینییەكان، ئەمڕۆ سێشەممە، ئاسمان ساماڵ بۆ نیمچە هەور دەبێت و پلەكانی گەرماش نزیكدەبێتەوە لە تۆمارەكانی دوێنێ.
 
سبەی چوارشەممە، ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و لەكاتەكانی بەرەبەیان ئەگەری كەمێك نمەباران هەیە، بەتایبەتی لە ناوچەكانی رۆژئاوی هەرێم و ناوچە شاخاوییەكانی سنووری بادینان.

ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە ئاسمانی هەرێم دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور لە شەودا دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، پاشان هاتنی كاریگەری درێژبوونەوەی هەردوو نزمە پاڵە پەستۆی دەریای سوور ودەریای ناوەڕاست، سەرەتا نمەبارانی كەم دەبارێت و لە بەرەبەیانی  رۆژی هەینی، كاریگەری ئەم شەپۆلە زیاددەكات و تەواوی ناوچەكانی هەرێم دەكەوێتە ژێر شەپۆلی بارانبارین، بارانی مامناوەند و بارانی بە لێزمە دەبارێت لەگەڵ دروستبوونی هەورە تریشقەو بەفربارین لەسەر لوتكەی شاخە بەرزە سنوورییەكان.

پێشبینیش دەكرێت، رۆژی شەممە شەپۆلی بارانبارین بەردەوامی هەبێت و نزمە پاڵە پەستۆی دەریای ناوەڕاست كاریگەری زیاد دەبێت و بارانی مامناوەند و لێزمەباران لە ناوچە جیاجیاكان دەبارێت، هاوكات پلەكانی گەرما زیاتر روو لە نزمبوونەوە دەكات بە نزیكەی (5-7) پلەی سیلیزی، رۆژی یەكشەممەی هەفتەی داهاتوو كاریگەری ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچەكانی هەرێمی كوردستان كۆتایی دێت.