Sep 17, 2022

رەوتی سەدر هەڕەشە لە چوارچێوەی هەماهەنگی دەكات


رەوتی سەدر هۆشداری بە چوارچێوەی هەماهەنگی دەدات لەئەگەری پێكهێنانی حكومەت، سەركردەیەكی رەوتەكەش دەڵێت، بەهەموو شێویەك پێكهێنانی حكومەت رەتدەكەینەوەو بەدووریش نازانرێت جارێكی دیكە خۆپیشاندان لەناوچەی سەوز دەستپێبكاتەوە.

ماڵپەڕی شەفەق نیوز، لەسەر زاری سەركردەیەكی رەوتی سەدر بڵاویكردەوە، رەوتەكە هەموو رێگایەك دەگرێتەبەر بۆ رێگریكردن لە دانیشتنی پەرلەمان بەمەبەستی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە.

ئەو سەركردەیەی رەوتی سەدر، كە نیویستووە ناوەكەی ئاشكرابكرێت، هەڕەشەی ئەوەی كردووە كە بەهیچ شێوەیەك رێگە نادەن حكومەتی نوێ بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، یان هەر كاندیدێكی دیكەی چوارچێوەی هەماهەنگی پێكبهێنرێت، رێگریش دەكەن لە ئەنجامدانی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران.

ئەو هەڕەشەیەی رەوتی سەدر، لەكاتێكدایە چوارچێوەی هەماهەنگی ئامادەكاری دەكات لەچەند رۆژی داهاتوودا دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوەبچێت و تێیدا هەڵبژاردن بۆ سەرۆك كۆمار بكرێت و پاشان حكومەت بەسەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی پێكبهێنن.

سەركردەكەی رەوتی سەدر، بەدووریشی نەزانی لەچەند رۆژی داهاتوودا جارێكی دیكە شوێنكەوتوانی موقتەدا سەدر خۆپیشاندانی فراوان لەناوچەی سەوز ئەنجام بدەن، وتیشی:" لە داواكاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە، پەشیمان نابینەوەو بەهیچ رێگەچارەیەكی دیكەش رازی نابین".