Jul 29, 2022

عەمار حەكیم دوو بژاردە دەخاتە بەردەم كورد


سەرۆكی رەوتی حیكمە، لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، دوو بژاردە دەخاتە بەردەم لایەنە كوردییەكان، راشیدەگەیەنێت، دەستەوەستان نابین لەبەرامبەر هەوڵەكان بۆ نانەوەی پشێوی لەوڵاتدا.

ئەمڕۆ هەینی، عەمار حەكیم، سەرۆكی رەوتی حیكمە، لەگردبوونەوەیەكی جەماوەریدا لەبەغدا، كە هەزاران كەس لە لایەنگرانی حزبەكەی ئامادەبوون، رایگەیاند: بێدەنگ نابین بەرامبەر پێشێلكردنی سەروەریی عیراق و رووبەڕووی ئەو دەنگانەش دەبینەوە كە دەیانەوێ فیتنە دروستبكەن و رۆڵەكانمان بخێننە ناو ململانێ و پشێوی.

سەرۆكی رەوتی حیكمە، لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارەوە، وتی:" پێویستە میكانیزمێكی روون و ئاشكرا لەبەردەم گەلی عیراقدا هەبێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو ئەو پرسە لەپشتی پەردەو كۆبوونەوە نهێنییەكان نەمێنێتەوە، دووبژاردەی لەبەردەم كوردا هەیە، یان لەسەر كاندیدێك رێكدەكەون، یاخود بە دوو كاندیدەوە بچنە ئەنجومەنی نوێنەران و لەوێ یەكێكیان هەڵبژێردرێت.

عەمار حەكیم، ئاماژەی بەوەكرد كە پێویستە بە حیكمەت و لەخۆبردووییەوە رووبەڕووی چەقبەستووی سیاسی ببنەوە، وتیشی:" دەبێ لایەنەكان ناكۆكییەكانی رابردوو تێپەڕێنن و لاپەڕەیەكی نوێ هەڵبدەنەوە لەسەر بنەمای ماتمانەی هاوبەش و كاری نیشتمانی و هاوبەشیكردن لە دروستكردنی بڕیارە ستراتیجییە باڵاكان".