Jun 17, 2022

کاندیدبوونی مالکی و عامری بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران رەتدەکرێتەوە


دەنگۆی کاندیدبوونی نوری مالکی و ھادی عامری، بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق رەتدەکرێتەوە، سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاساش دەڵێت، چوارچێوەی ھەماھەنگی ھەوڵی پێکھێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانیی دەدات.

 
عەلی فەتلاوی، پەرلەمانتاری ھاوپەیمانیی فەتح رایگەیاند، دەنگۆی کاندیدبوونی ھادی عامری بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران دوورە لە راستییەوە و چوارچێوەی ھەماھەنگی ھیچ کەس و کاندیدێکی بۆ ئەو پۆستە پێشکەشنەکردووە، وتیشی، قۆناغی یەکەم لە پێکھێنانی حکوومەت، ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارە و پاشان رێککەوتن لەسەر سەرۆک وەزیران دەکرێت.

ھاوکات، محەمەد حەسەن، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا، دەنگۆکانی کاندیدبوونی نوری مالکی سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسای بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران رەتکردەوە و رایگەیاند، چوارچێوەی ھەماھەنگی کار بۆ دروستکردنی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانیی لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەکات، بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ.

ھەفتەی رابردوو محەمەد جەعفەر سەدر، کاندیدی موقتەدا سەدر بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، کشانەوەی خۆی راگەیاند، بەوەش دەنگۆکان بۆ پێشکەشکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران لە لایەن چوارچێوەی ھەماھەنگییەوە بڵاوبووەوە.