Jun 17, 2022

هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستای عیراق و پێشهاتەکان


پاش ڕوخانی سەددام ، وەک قۆناغی یەکەم ململانێیەکی سەخت لەنێوان هەرسێ پێکهاتەی سەرەکی عیراق ( شیعە و سوننەو کورد ) سەری هەڵدا کە بەهۆیەوە قەیرانی گەورەی ئاسایش و ئابوری و مرۆیی و کۆمەڵایەتی لێکەوتەوە ، ئەو قەیرانە جۆراوجۆرانەش بواری بۆ دەستێوەردانی دەرەکی زیاتر ڕەخساند و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک قاعیدە و دواتریش داعش توانیان ئەو بۆشاییانە بقۆزنەوە و کارەساتێکی گەورە بەسەر عیراقدا بهێنن ، کە سەرەنجام پێکهاتەی شیعە دەسەڵاتەکانی چەسپاند و فراوانیشی کرد ،لەبەرامبەردا پێکهاتەی سوننە پاشەکشەی بەرچاوی بەخۆیەوەدی و تاڕاددەیەک بەولاوازییە خۆی لەگەل دۆخەکە گونجانددوە ، هەڵبەتە پێکهاتەی کوردیش بەڕێژەیەکی کاریگەر پاشەکشەی کردووە وەک کۆی دەرەنجامی قۆناغی یەکەم تا ئەمڕۆ .
ئەگەر قۆناغی دووەم لەپاش لەناوچونی داعش دیاری بکەین دەبینین سەرباری ئەوەی ململانێی نێوان پێکهاتە سەرەکیەکان هەر درێژەی هەیە ، لەگەڵ ئەوەشدا ململانێیەکی نوێ لەعیراق سەری هەڵدا کە دیمەنەکەی بەسەر ململانێکەی ڤۆناغی یەکەم زاڵترە و مەترسیەکانیشی زیاترن کە ئەویش بریتییە لە ململانێی ناو خودی پێکهاتەکان خۆیان ، شیعەکان لەدەوری دوو جەمسەری جیاوازدا لەململانێیەکی ترسناکدا خۆیان بینییەوە کە هەریەکەیان بەجۆرێکی تەواو پێچەوانە کار بۆ چەسپاندنی سیستەمی حوکمڕانی دەکەن کەسروشتەکەیان و پاڵپشتە دەرەکیەکانیش جیاوازن و هەژمون و ئاراستەی جیاواز و دژبەیەکیان هەیە ، ئەمانە دۆخی عیراقیان خستۆتە بەر لێواری ئەگەری شەڕی ناوخۆ کە تائێستاش بەردەوامە ، هەر ئەوهەلومەرجەش وایکرد هەڵبژاردنی پێشوەختە لەعیراقدا بکزێت ، ئەنجامەکانی دواین هەڵبژاردن گەواهی ئەو ڕاستیەی سەرەوەن کە دیارە هاوپەیمانی سەدریەکان و چوارچێوەی هەماهەنگی بونە نوێنەری ململانێی نێوخۆی پێکهاتەی شیعە ، دیارە سونەکانیش دابەشبونیان بەئاشکرا دەرکەوتووە لەنێوان ئەو دوو جەمسەرەدا ، کوردیش ئێستا لەناوخۆیدا لە خراپترین حاڵەتی دابەشبون و پەرتەوازەییدایە .
ئێستا پاش بڕیارەکەی سەدر و کشانەوەی پەرلەمانتارەکانیان ، ئەوا هێزەکان هەمویان کەوتونەتە بەردەم بژاردەی جیاواز و ئاڵۆز ، هەرچی چوارچێوەی هەماهەنگیە لەم ساتەدا و لەڕوکەشدا براوەی یەکەمە و چانسی پێکهێنانی حکومەتی کەوتۆتە دەست بۆیە ناچارە بەوپەڕی نەرمی و ئاسایەوە گوێ بۆ کورد و سوننە بگرێ و بەهیچ شێوەیەکیش سەدر نەوروژێنێت بەڵکو پێویستە خواستەکانی لەبەرچاوبگیرێت بۆهەر هەنگاوێکی ئایندە ئەگینا چاوەڕێ دەکرێت لەچرکەیەکدا مێزەکە قڵب ببێتەوە .
بەڵام سیناریۆکانی بەردەم سەدر دەشێ کراوەبن ، لەوانە کاتێک سەدر بۆی دەرکەوت ناتوانێت بەم میکانیزمە ئامانجەکانی بپێکێت بۆیە ئەگەری یەکەم ئەوەیە وەک خۆی دەڵێت لەبەر عیراق ئەم هەنگاوەینا و گۆڕەپانەکەی بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی جێهێشت و ئەویش تەنها چاودێری دۆخەکە بکات و ناوبەناو شتێکی بەدڵ نەبێت جۆرێک لەجوڵەی بێ کاریگەر بکات کە لەم حاڵەتەدا بون و نەبونی لەناو عیراقدا وەک یەکی لێدێت .
سیناریۆی دووەمی بەردەمی سەدر ئەوەیە بەم بڕیارەی ئەوا ستراتژی هەنگاوێک بۆ دواوە و دوو هەنگاو بۆ پێشەوە بە شێوازی جەماوەری پان و پۆڕ و کاریگەر پەیڕەو بکات و هەرکاتێک بیەوێ حکومەت و پەرلەمان پەک بخات ، یاخود هەرلەسەروبەندی پێکهێنانی ئەم حکومەتە چاوەڕوانکراوەدا ئەو دەستپێبکات و دۆخەکە پەک بخات ، سیناریۆی سێیەم لەبەردەمی سەدریەکان بریتییە لە دەسپێکردنی شۆڕشێکی جەماوەری تاڕاددەیەک بەتوندو تیژییەوە بەئامانجی گۆڕانکاری ڕیشەیی و دەسبەسەراگرتنی هەموو جومگەکانی دەسەڵات و ڕاگەیاندنی حکومەتی ڕزگاری نیشتمانی ، سیناریۆی چوارەم ئەگەری کودەتاش نابێت نادیدە بگرین .
ئنجا لەکاتی بەڕێوەچونی هەندێک لەو سیناریۆیانەدا چاوەڕێی سەرهەڵدانی شەری ناوخۆ چاوەڕوانییەکی دروستە و ئگەرێکی نزیکە .
سیناریۆی بەردەمی سوننەکان لەدوحاڵەتدا دەبینرێت ، یان ئەوەتا بە ریتمی پێشویان دەڕۆن و لەگەڵ ئەمری واقع خۆیان دەگونجێنن کە ئەم ئەگەرە نزیکەلە کۆی سوننەکان تاوەکو نەکەونە هەڵە ستراتیژییەکەی پێشوو ، یاخود دەشێ هەندێکیان هەڵوێستێکی نزیک لەسەدریەکان بگرنە بەر.
بەڵام کورد لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی ناسک و ئاڵۆز و قورسدایە ، ئەگەر کورد بەگشتی و بەپەلە یەک نەخشەڕێگا و یەک میکانیزمی هاوبەش گەڵاڵە نەکات ئەوا بێشک ئایندەیەکی ئاڵۆز و مەترسیدار لە قۆناغی دواتردا دێتە پێش کورد کە دەرەقەتی پێشهاتەکان نەیات ، بەڵام ئەگەر هێزە کوردیەکان نەخشەیەکی کوردستانیانەی هاوبەش بونیات بنێن ئەوا دەرفەتێکی گرنگ بۆ کورد ڕەخساوە لەم کاتەدا چوارچێوەی هەماهەنگی بێ کورد پرۆسەکەی شکست دەهێنیت ،بۆیە بەیەکگرتوویی دەتوانێت داوای گەرەنتی دەولی و تەعەهودی دادگاو گرێبەستی یاسایی بکات و دانە بەدانەی ماددەکانی دەستو ر و مافە گرنگ و ستراتیژیەکانی هەرێم مسۆگەربکات ، کور بەیەکدەگی دەتوانێت لە بەرنامەی حکومەتددا گرەنتی یاسایی جێبەجێکردن لەواددەی دیاری کراو بەلایەنی چوارچێوەی هەماهەنگی واژۆ بکات بەجۆرێک ڕێککەوتنی یاسایی واژۆ بکرێت کە ئەو بڕیار و ڕێککەوتن و ماددە دەستوریانەی کە کورد داوای کردون جێبەجێنەکزێن لەکاتی دیاریکراوی بڕیارلەسەردراو ئەوا ڕاستەوخۆ ئەو حکومەتە هەڵوەشێتەوە و پەرلەمانیش هەڵوەشێتە وە و لەو حاڵەتەدا یەکسەر پەرلەمان و حکوومەتی هەرێم دەسەڵاتی جێبەجێکردنی ببێت بەشێواێکی میکانیزمیانە .
کەواتە پێویست کورد پەلە بکات لە یەکڕیزی ستراتیژی تایبەت بەم هەلومەرجە نوێیە و هترچی زووە وەرەقەی هاوبەش گەلاڵە بکات و زۆر ووریا بێت لەگەمەی پێکهاتە جیاوازەکانی عیراق و نەخشەی هەرێمایەتی ، من دڵنیام کورد لەم قۆناغەدا واز لەپەرتەوازیی بهێنێت و بەهەمان شێوازی قۆناغی پرۆسەی ئازادی عیراق و بەیەکگرتویی مامەڵە بکات ئەوا دەتوانێت بەسەر گەمە ناوخۆیی و هەرێمایەتیەکان زاڵ بێت و ئەوەی پێشتریش لەدەستی چووە دەتوانێت بەدەستی بهێنێتەوە بەمەرجی ئەوەی ووریای بۆشایی یاسایی و سیاسی گفتوگۆکان و ڕێککەوتننامەکان بن و لگەڵ ئەوەشدا جگە لە دوو هێزە سەرەکیەکەی کورد ئەوا مەرجی سەرکەوتن لەم قۆناغەدا ئاوەیە لایەنەکانی تری کوردستان بەشداربن لەداڕشتنی هەر لائیحەیەکی گفتوگۆ بەڕەچاوکردنی بۆچونی پسپۆڕانی ئابور ی و یاسایی و دەستوری و سەربازی و ئەمنی ، بەڵام ئەگەر کورد بەپەرتەوازەیی بچێتە ناو ئەو هاوکێشە قورسە ئەوا ئەگەرێکی نزیکە کە زۆر دەسکەوت لەدەست بدرێت ، بەفیدرالی و پێشهاتی مەترسیدارتریش .
کەواتە کات درەنگە و گەل چاوەڕێی هەنگاوەکانی لەمەودوای هێزە سیاسیەکانی کوردستانە !!!!!!!!
تێبینی / ناوەڕۆکی ئەم ووتارەم لە 14 -6-2022 لە بەرنامەی سەرنج لەکەناڵی ستێرک شرۆڤەکرد ، پێم باشبوو بە شێوازی نوسینیش ڕوئیای خۆم لەسەر دۆخی هەنوکەیی عیراق بخەمەڕوو...... لەگەڵ ڕێزدا....


نووسەر: جبار میرزاڕۆستەمی