May 12, 2022

لە پەڵكانە بۆمبێكی چێنراو بە ئۆتۆمبێلی فەرماندەیەكی پێشمەرگەدا تەقییەوە


بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆمبێكی چێنراو بە ئۆتۆمبێلی فەرماندەیەكی پێشمەگەدا تەقییەوە و هیچ زیانێكی گیانی بەدواوە نەبووە.

لەوبارەیەوە محەمەد چەوری جێگری فەرماندەی لیوای 144ی پێشمەرگە بە میدیای فەرمی یەكێتی راگەیاند: لە كاتی هەڵمەتی كێوماڵكردن و ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكەی ئەمڕۆی ناوچەی داودە لە نزیك گوندی پەڵكانە بۆمبێكی چێنراو بە ئۆتۆمبێلە تایبەتەكەمدا تەقییەوە و خۆشبەختانە جگە لە زیانی ماددی كە بەر ئۆتۆمبێلەكە كەوت هیچ زیانێكی گیانی بەدواوە نەبوو.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە 12ی ئاداری 2022 هێزێكی زۆری پێشمەرگە لە لیواكانی 144 و 17 و هێزەكانی ئاسایشی گەرمیان و سوپای عیراقی لیوای 52ی فیرقەی 14 و بەرپەرچدانەوەی خێرا و لیوای 52ی حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵی لە چوار قۆڵەوە ئۆپراسیوانێكی سەربازی بەرفراوانیان لە سنووری نێوان هەردوو قەزای خورماتوو و كفری بۆ كێوماڵكردنی چەكدارانی داعش لە زنجیرە چیای غەرە و گوندەكانی پەڵكانە و شۆراو و قۆریچای دەستپێكرد كە ماوەی زیاتر لە چوار ساڵە بووەتە مۆڵگە و حەشارگە و شوێنی حەسانەوەیان.