Aug 8, 2021

مێسی: دەمویست لە بەرشەلۆنە بمێنمەوە


لیۆنێل مێسی ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و یاریزانی پێشووی یانەی بەرشەلۆنە دەڵێت، دەمویست لە یانەكە بمێنمەوە، ئاشكراشی كرد، لەگەڵ چەند یانەیەكیش لە گفتوگۆدایە، بەڵام هیچ رێكەوتنێك نییە تائێستا.
لە چەند رۆژی رابردوودا یانەی بەرشەلۆنە كۆتایی هاتنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ لیۆنێل مێسی راگەیاند و ئەوەش وەك شۆكێك لە جیهانی تۆپی پێدا سەیر كرا، دوانیوەڕۆی رۆژی یەكشەممەش ئەستێرە ئەرجەنتینیەكە لەو بارەیەوە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی سازكرد و سەرەتاش بە گریان دەستی پێكرد.
مێسی لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا ماڵئاوایی لە هاندەرانی بەرشەلۆنە كرد و وتی، لە چەند رۆژی داهاتوودا زۆر بیرم لەوە كردووەتەوە كە چی بڵێم، دەمویست بمێنمەوە و رۆشتن  كارێكی سەختە دوای ئەو هەموو ساڵەی لێرە بەسەرم برد، خۆم و خێزانەكەشم پێمانوابوو كە لە بەرشەلۆنە كۆتایی بە ژیانی پیشەگەریم دەهێنم، دوای 21 ساڵ لەگەڵ منداڵە كەتەلۆنیە – ئەرجەنتینییەكانم ئێرە جێدەهێڵم.
ئاماژەی بەوەشدا، بەرشەلۆنە بۆ هەمیشە ماڵی من دەبێت و سوپاسگوزاری هەمووانم، هەموو شتێكم بە یانەكە بەخشی لە یەكەم رۆژەوە تا كۆتا سات، ژمارەیەكی زۆر یادگاری جوانم هەیە و هەندێك یادگاریشم جوان نین، ئەمڕۆ كاتی ماڵئاواییە بەڵام رۆژێك لەگەڵ منداڵەكانمدا دەگەڕێمەوە.
مێسی سەبارەت بە داهاتووی وتویەتی، لەئێستادا لەگەڵ چەند یانەیەك لە گفتوگۆدام بەڵام تاوەكو ئەم ساتە بڕیارم لەبارەی وێستگەی داهاتووم نەداوە، ژیانی پیشەگەریم لەگەڵ بەرشەلۆنە كۆتایی هات، تۆپی پێ بەو شێوەیەیە و یادگاریەكان دەمێننەوە، هیواخوازم بگەڕێمەوە و ببم بە بەشێك لە داهاتووی یانەكە.
هێمای بۆ ئەوەشكرد، ئەمە سەختترین ساتی ژیانی پیشەگەریمە و بەدوای تاقیكردنەوەیەكی تردا دەگەڕێم و تا ئەو كاتەی جەستەم رێگەم پێ بدات لە یاری تۆپی پێ بەردەوام دەبم.