Jan 16, 2021

رۆناڵدۆی بەرازیل باسی رۆناڵدۆی پۆرتوگال دەکات


رۆناڵدۆی ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی بەرازیل باسی کێبڕکێی ئەم وەرزەی خولی ئیتاڵی دەکات

لویز نازاریۆ دالیما، ئەستێرەی پێشووی ئینتەرمیلان و ریال مەدرید،  قسەی بۆ رۆژنامەکانی ئیتاڵیا کردووە سەبارەت بە لووتکەی نێوان ئینتەرمیلان و یوڤێنتوس لە خولی ئیتاڵیا و دەڵێت: "ئەم یارییە چارەنووسی پاڵەوانی ئەم وەرزە یەکلایی ناکاتەوە،  بەڵام سەرکەوتنی هەرلایەکیان متمانەیەکی زۆری بۆ دروست دەکات".

هەروەها ئەستێرەکەی پێشووی دوو جەمسەرەکەی شاری میلانۆ ئاماژە بەوە دەکات: "ئەی سی میلان لە دەرەوەی کێبڕکێکە نییە و بەو ئاستە بەرزەی پێشکەشی دەکات منی تووشی سەرسوڕمان کردووە کە یارییەکی جوان و سەرنجڕاکێشی هێرشبەریی پێشکەش دەکەن".

هەروەها رۆناڵدۆ دەشڵێت: بەردەوام ئیبراهیمۆڤیچ دەڵێت رۆناڵدۆ نموونەی باڵای منە لە تۆپی پێدا، بەڵام راستی ئەوەیە ئەو یاریزانێکی دەگمەن و ناوازەیە، ئەگەر لە ژیانی وەرزشیم دووچاری پێکانیش نەبوومایە، نەمدەتوانی هاوشێوەی ئیبرا تاوەکو 40 ساڵی هەمان ئەو ئاستە بەرزە پێشکەش بکەم کە زڵاتان پێشکەشی دەکات".

لە وەڵامی پرسیاری ئایا رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگال دەتوانێ لە هەمان تەمەنی ئیبرادا ئەو ئاستە بەرزە پێشکەش بکات؟ رۆناڵدۆ گوتی: " بەڕاستی نازانم، بەڵام بەدڵنیاییەوە هەوڵ دەدات، چونکە کریستیانۆی ئێستا یاریزانێکی زۆر جیاوازترە لەوەی لە ریال مەدرید دەمبینی، ئێستا دەزانێ چۆن بەسەر باری دەروونیی خۆیدا زاڵبێت، ئێوە بینیتان بەرامبەر ساسۆلۆ بەدرێژایی ماوەی یارییەکە لە یاریگا رۆڵی ونبوو، بەڵام لە ماوەی یەک خولەکدا بەرگریکارانی ساسۆلۆی سزادا و گۆڵی تۆمار کرد". 

سەبارەت بە ئەشرەف حەکیمی رۆناڵدۆ دەڵیت: "ئینتەر میلان گرێبەستی لەگەڵ ئەستێرەیەکی ئاستبەرزی نائاسایی واژۆ کردووە، ریال هەڵەیەکی گەورەی کرد کە رێگەی بە ئەشرەف حەکیمی دا بڕوات، هەمیشە بە خۆم دەڵێم بیهێنە بەرچاوی خۆت، ئەگەر من لەگەڵ یاریزانێکی وەکو حەکیمی یاریم بکردایە، دەبوو بە خێرایی زۆر لەگەڵی رابکەم و دەربچم".