1416102023_aaaaaa_1_770x420.jpg

وردبینیی مووچە لەم دوو ڕۆژەدا تەواو دەبێت

Feb 8, 2026  |   عیراق 

ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، وردبینیی مووچەی مانگی 1 لە بەغداد لە ماوەی 2 ڕۆژی داهاتوودا تەواو دەبێت. ناوبراو دوای سەردانی بۆ لای تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، جەختی لەوە کردەوە کە مووچەی ساڵی 2025ی مووچەخۆرانی عێراق و هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەکی نابێت و تا ئەو کاتەی پابەندییەکان جێبەجێ بکرێن، پرۆسەکە بەردەوام دەبێت.

مەرجەکانی بەغداد بۆ خەرجکردنی مووچە
وەزیری دارایی عێراق لەبارەی هۆکارەکانی دواکەوتنی مووچە ڕوونیکردووەتەوە، کە پێویستە سێ زانیاری سەرەکی لەبەردەستیاندا بێت کە بریتین لە: ژمارەی کۆتایی، داهاتی ناوخۆ و نووسراوی وەزارەتی نەوت سەبارەت بە ڕادەستکردنی نەوت. تەیف سامی جەختی کردووەتەوە کە هەر دواکەوتنێک لە دابینکردنی ئەم سێ مەرجەدا، ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی دواکەوتنی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆران.

ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوە و شایستەی جووتیاران
سەبارەت بە پلەبەرزکردنەوە و سەرەمووچە، وەزیری دارایی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم بابەتە لە هەموو عێراق بەهۆی نەبوونی یاسای بودجەوە ڕاگیراوە. لە لایەکی دیکەوە، تەیف سامی هۆکاری دواکەوتنی پارەی گەنمی جووتیارانی بۆ نەبوونی سویلە و نەختینە گەڕاندووەتەوە و ڕایگەیاندووە، بەهۆی ئەوەی حکومەت لە ئێستادا کاربەڕێکەرە، هیچ لایەنێک ئامادە نییە قەرزی پێ بدات.

گرەنتیی مووچە و کاتی دابەشکردن
مەزهەر محەممەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە بەتاڵبوونی گەنجینەی حکومەت یان نەدانی مووچە دەکەن و ڕایگەیاند مووچە گرەنتیکراوە و بەپێی خشتەی کاتی خەرج دەکرێت. هاوکات سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کردووە کە چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی 2 ڕۆژی داهاتوودا مووچەی مانگی 12ی ساڵی ڕابردوو خەرج بکرێت.