480849308_965829012357851_6349436991625749864_n_770x420.jpg

بێرون عومەر فەتاح: گەلی کورد هەمیشە شەڕی بوون و سەلماندنی زمان و کلتووری خۆی کردوە

Feb 22, 2025  |   كوردستان 

هەڤاڵ بێرون عومەر فەتاح، سکرتێری بزوتنەوەی چاکسازی نیشتیمانی، لەیادی 21ی شوبات، ڕۆژی جیهانی زمانی دایک، وتارێکی بڵاوکردەوە و باسلەوەدەکات، گەلی کورد لەچوارچێوەی شۆڕش و خەباتدا، هەمیشە شەڕی بوون و سەلماندنی خۆی كردووە بە پاراستنی زمان و كلتوور و ڕەسەنایەتی خۆی، دەشڵێت " زمانی كوردی ئێستا یەكێكە لەزمانە بەهێزەكان و سێیەم زمانە لەدوای فینلادی و کۆری".
ئەمەش دەقی وتارەکەیە...
ڕۆژی جیهانی زمانی دایك پیرۆزبێت لەگەلی كورد، گەلی كورد وەك خاوەنی مێژوو زمان و خاك بەشێكە لەشارستانیەت و مێژووی مرۆڤایەتی لە ناوچەكە ،هەر بۆیە لە چوارچێوەی شۆڕش و خەباتی گەلی كوردا، هەمیشە شەڕی بوون و سەلماندنی خۆی كردووە بە پاراستنی زمان و كەلتور و ڕەسەنایەتی خۆی، لەژێر زوڵم و ستەم و چەوساندنەوەدا، بۆیە زمانی كوردی ئێستا یەكێكە لەزمانە بەهێزەكان و خاوەنی( 735320 )وشەی سەرەكیەو بە هەموو شێوە زارەكان و دەربڕینەكانیانەوە، نزیكەی( 1600000)وشەی هەیە، سێیەم زمانە لەدوای فینلاندی و كۆری، كە زۆرترین وشە لەخۆیان دەگرن.
بنەڕەتی زمانی كوردی بە بڕوای مێژوونووسان دەگەڕێتەوە بۆ پێنج هەزار ساڵ پێش زاین، لەڕۆژی زمانی دایكدا پیرۆزبایی لەهاووڵاتیانی گەلی كورد دەكەین، هیوادارین لەداهاتوو گەلەكەمان بتوانێت ببێتە خاوەنی زمانێکی یەكگرتوو.
21ی شوباتی هەموو ساڵێك ڕۆژی جیهانی زمانی دایكە و لە 17ی تشرینی دووەمی ساڵی 1999 ڕێكخراوی یونسكۆی سەر بە نەتەوە یەكگرتوەكان 21/2 وەك ڕۆژی جیهانی زمانی دایك دیاریكردووە، پێویستە گەلی كورد بە گرنگییەوە لەو بۆنەیە بنوانڕێت و هەوڵی گەشەكردن و پێش خستنی زیاتری بدات لەسایەی تەبایی و یەكگرتوویی و خەم خۆری بۆ زمان و خاك و ئایندەی گەلەكەمان .
جارێكی تر پیرۆزبێت ڕۆژی جیهانی زمانی دایک