Jan 28, 2025 | جیهان
سوپای رووسیا لە هێرشێكی گەورەدا ناوچەیەكی ستراتیجی لە هەرێمی خاركۆف-ی ئۆكراینا كۆنترۆڵ دەكات، وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتەش ئاشكرایدەكات، لەمیانی شەڕو پێكدادانەكانی 24 كاتژمێری رابردوودا، زیاتر لە هەزارو 300 سەربازی ئۆكراینی كوژران و بریندار بوون.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە هێرشێكی گەورەدا بۆسەر هەرێمی خاركۆف-ی رۆژهەڵاتی ئۆكراینا، هێزەكانیان توانییان شارۆچكەی دفوریچنایا كۆنترۆڵ بكەن، كە ناوچەیەكی ستراتیجیی گرنگەو بنكەی سەرەكیی گەیاندنی هاوكارییە لۆجستییەكان بووە بۆ هێزەكانی ئۆكراینا.
وەزارەتەكە ئاشكرایكردووە، لەو شەڕەدا زیاتر لە 330 سەربازی ئۆكراینا كوژراون و پاشماوەی هێزەكانیشیان هەڵاتوون، كۆی زیانەكانی سوپای ئۆكرایناش لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا لەزۆربەی بەرەكانی شەڕ، زیاتر هەزارو 300 كوژراوو بریندار بووە، جگە لە تێكشكاندنی دەیان كەرەستەی سەربازی و سەكۆی مووشەكی و خستنەخوارەوەی دەیان فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان.
هاوكات، وەزیری بەرگریی رووسیا لە پەیامێكدا پیرۆزبایی لە هێزەكانی پاسەوانی نیشتمانیی وڵاتەكەی كرد بەبۆنەی سەركەوتنیان لە كۆنترۆڵكردنی شارۆچكەی دفوریچنایا و رایگەیاند: ئەم سەركەوتنە دەرگا لەبەردەم پێشڕەویكردنی زیاتری هێزەكانمان بۆناو قووڵایی خاكی ئۆكراینا و داگیركردنی ناوچەی زیاتر لەو وڵاتە واڵا دەكات.
شارۆچكەی دفوریچنایا تەنها 14 كیلۆمەتر لەشاری كۆبیانسك-ەوە دوورە، كە شارێكی گەورەو ستراتیجیی ئۆكراینایە، چاوەڕوان دەكرێت لەگەڵ پێشڕەوییكردنی زیاتری سوپای رووسیا، ئەو شارەش داگیر بكرێت.