827112024__770x420.jpg

واشنتۆن ئاگربەست لە لوبنان بە "ساتێکی مێژوویی" دەزانێت

Nov 27, 2024  |   جیهان 

وەزیری بەرگری ئەمەریکا رایگەیاند: ئەو رێککەوتنە وادەکات دەیان هەزار هاوڵاتی  لە لوبنان و ئیسرائیل بە سەلامەتی بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.  

دوابەدوای هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە، لۆید ئۆستین وەزیری بەرگری ئەمریکا ئاگربەستی نێوان لوبنان و ئیسرائیلی بە "ساتێکی مێژوویی"  لە قەڵەمدا. 

ئۆستین روونی کردەوە، بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رێککەوتنەکەی ئەمڕۆ دەبێتە هۆی ئەوەی دەیان هەزار هاوڵاتی مەدەنی لە لوبنان و ئیسرائیل بتوانن بە سەلامەتی بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان. 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی کاردەکات بۆ پاڵپشتیکردن و جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە. 

ئۆستین هیوای خواست کە پریشکی ئەم رێککەوتنە بەر غەززەش بکەوێت و جەختی لەسەر پێویستی گرنگیدان بە باشترکردنی بارودۆخی مرۆیی لە غەززە کرد. 

رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە کاتژمێر پێنجی بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، کۆتایی بە شەڕەکانی نێوان هەردوولا هێنا کە لە هەشتی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە دەستی پێ کرد و لە مانگی نۆی ئەمساڵدا ئیسڕائیل هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان چڕتر کردەوە و بە فەرمی وەکو جەنگ رایگەیاند