1513102023_141792023_5454hg_1_770x420.jpg

سوپای رووسیا دوو ناوچەی گرنگی ئۆكراینا كۆنترۆڵ دەكات

Sep 25, 2024  |   جیهان 

سوپای رووسیا كۆنترۆڵكردنی دوو ناوچەی دیكە لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانی ئۆكراینا رادەگەیەنێت و ئاشكراشیدەكات لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا زیاتر لە دوو هەزار سەربازی ئۆكراینی لە بەرەكانی جەنگدا كوژراون.

وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیەندراوێكدا نوێترین زانیاریی لەبارەی پێشڕەوییەكانی سوپای وڵاتەكەی لەشەڕی دژ بە هێزەكانی ئۆكراینا بڵاوكردەوەو رایگەیاند، هێزەكانیان لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا پێشڕەویی بەرچاویان لە بەرەی دۆنێتسك كردووەو دوو شارۆچكەی دیكەیان لەو هەرێمە كۆنترۆڵكرد.

وەزارەتەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، لەمیانی شەڕو پێكدادانەكانی 24 كاتژمێری رابردوودا لەچەندین بەرەی شەڕ، سوپای ئۆكراینا زیانێكی گەورەیان بەركەوتووەو زیاتر لە دوو هەزارو 90 سەربازیان كوژراون، جگە لە كوژرانی دەیان چەكداری بەكرێگیراوی بیانی، كە لەپاڵ هێزەكانی ئۆكراینا شەڕدەكەن.

وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئاشكراشیكرد، پێشڕەویی هێزەكانیان بەردەوام دەبێت تا بەدیهێنانی سەرجەم ئامانجەكانیان، كە بریتییە لە كۆنترۆڵكردنی تەواوی خاكی كۆماری دۆنێتسك.