1126102023_marenzz_770x420.jpg

ئەمریكا پشتیوانی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە ڕۆژئاوای كوردستان ناكات

Sep 14, 2024  |   جیهان 

ئەمریكا جارێكی دیكە دووپاتی كردەوە پشتیوانی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكرات "هەسەدە"  ناكات.

ماتیو میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند "واشنتۆن پێی وایە مەرجە پێویستەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی ئازاد، دادپەروەرانە، تا ئێستا بە گشتی لە سووریا، بە ناوچەكانی باكور و ڕۆژهەڵاتیشەوە، بەدی نەهاتوون".

لە ڕاگەیەندراوێكدا، میلەر دەڵێ: بەم هۆیەوە ئەمریكا پشتگیری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە باكوور و باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ناكات.

میلەر ئاماژەی بەوە كرد "ئەمریكا بەردەوام جەختی كردووەتەوە لەوەی هەموو ئەو هەڵبژاردنانەی لە سووریا ئەنجام دەدرێن دەبێت ئازاد، دادپەروەرانە، شەفاف و گشتگیر و لەگەڵ بڕیاری 2254 ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان بێنەوە".

ئەو وتیشی: ئێستا مەرجەكانی ئەنجامدانی ئەم جۆرە هەڵبژاردنانە لە سووریا و لە باكوور و ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەش بەردەست نین.

بڕیاری ژمارە 2254  لە كۆتایی 2015 لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە پەسەند كرا و تێیدا داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ لە سەرتاسەری سووریا، دەستپێكردنی دانوستانی سیاسی، پێكهێنانی "حكومەتی یەكگرتوو"  لە ماوەی دوو ساڵدا دەكات كە دواتر هەڵبژاردن بەدوایدا دێت.

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باكوور و خۆرهەڵاتی سوریا بڕیاری دا مانگی شەشی ئەمساڵ هەڵبژاردنی شارەوانی لە ناوچەكانی حەلەب، ڕەقە، دێرەزوور و حەسەكە ئەنجام بدات، دواتر بەهۆی ناڕەزایەتییەوە بۆ مانگی ڕابردوو دوای خواست، ئەم جارەش بۆ كاتێكی نادیار دوای خست.