182582024_0qiq_770x420.jpg

چین هۆشداریی بە ئەمریكا دەدات

Aug 25, 2024  |   جیهان 

حكومەتی چین هەڕەشەی وەڵامدانەوەی هاوشێوە بۆ سزا سەپێندراوەكانی ئەمریكا بۆسەر كۆمپانیاكانی دەكات و هۆشدارییش دەكات لەوەی ئەم جۆرە كردەوانە لێكەوتەی خراپی لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانیی جیهانی دەبێت.

وەزارەتی بازرگانیی چین لە راگەیەندراوێكدا نیگەرانیی خۆی دەربڕی بەرامبەر بڕیارێكی ئیدارەی ئەمریكا بە سەپاندنی سزا بەسەر چەندین كۆمپانیای ئەو وڵاتە بە تۆمەتی هاوكاریكردنی رووسیا لە پێدانی ئەو كەرەستەو كەلوپەلانەی كە گومان دەكرێت لە شەڕی دژ بە ئۆكراینا بەكاربهێنرێت. 

وەزارەتەكە هەڕەشەی وەڵامدانەوەو گرتنەبەری رێكاری پَویست بۆ پاراستنی بەرژەوەندی كۆمپانیاكانی كردووەو ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەم كردەوانەی ئەمریكا دەبێتە لەمپەر لەبەردەم سیستم و بنەمای كاری بازرگانیی نێودەوڵەتی، هاوكات لێكەوتەی خراپیشی لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانیی جیهانی دەبێت.

چین داواشی لە ئەمریكا كردووە دەستبەرداری ئەم جۆرە هەنگاوە دوژمنكارییانە ببێت و ناچاری نەكات هەنگاوی هاوشێوە لەدژی واشنتۆن بگرێتەبەر.

پێشتر وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا، دەیان كۆمپانیای چینی خستەبووە ناو لیستی سزادراوەكان، بەتۆمەتی هاوكاریكردنی رووسیا لە پێدانی ئەو جۆرە كەلوپەل و كەرەستانەی كە لەلایەن ئەمریكاوە هەناردەكردنی بۆ ئەو وڵاتە قەدەغەكراوە بەبیانووی سوودلێوەرگرتنی لە شەڕی دژ بە ئۆكراینا.