Aug 20, 2024 | جیهان
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا كاربەڕێكەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە مۆسكۆ بانگهێشتدەكات و ناڕەزایەتی توند بەرامبەر هاتنی ژمارەیەك رۆژنامەنووسی ئەو وڵاتە بۆناو خاكی رووسیا بەشێوەیەكی نایاسایی، دەردەبڕێت.
وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی زانیارییان پێگەیشت كە ژمارەیەك رۆژنامەنووسی ئەمریكا بەشێوەیەكی نایاسایی هاتوونەتە ناوچەی كورسك كە ئێستا بەشێكی لەلایەن سوپای ئۆكرایناوە داگیركراوە، كاربەڕێكەری باڵیۆزخانەی ئەمریكایان لە مۆسكۆ بانگهێشتكردووەو بەتوندی ناڕەزایەتییان بەرامبەر ئەو كارە دەربڕیوە.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بەوەكردووە، هاتنی هەر بیانییەك لەژێر هەر ناوێكدا بۆناو خاكی رووسیا بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی مۆسكۆ، بەپێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكان دادەنرێت و هاوكات دەبنە ئامانجی رەوای هێزەكانی سوپا و وەك دوژمن لێیان دەڕوانرێت.
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەش ئاشكراكراوە، كە بەڵگەی سەلمێنراو لەبەردەستدایە چەكداری كرێگرتەی ئەمریكا لە هێرشەكەی سوپای ئۆكراینا بۆسەر ناوچەی كورسك بەشدارییان كردووەو، ئەمەش دەیسەلمێنێت واشنتۆن بەشێوەیەكی راستەوخۆ بەشدارە لە شەڕی نێوان رووسیاو ئۆكراینا.
تائێستاش ئیدارەی ئەمریكا بەفەرمی هیچ روونكردنەوەیەكی لەبارەی بەشداریكردنی چەكداری كرێگرتەی وڵاتەكەی لەپاڵ سوپای ئۆركراینا لەهێرشكردنە سەر ناوچەی كورسك-ی رووسیا نەداوە.