Aug 8, 2024 | كوردستان
ئەو شۆفێرانەی تابلۆی دوای ئۆتۆمبێلەکانیان لێدەکەنەوە بۆئەوەی لە کامێرای تیژڕەوی تۆمار نەکرێن، سزایان بۆ دانراوە و دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکانیاندا دەگیرێت.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر بڵاویکردەوە، هەندێک حاڵەت پەیدا بووە کە شوفێر تابلۆی دواوە لێ دەکەنەوە بۆ ئەوەی لە کامێرای تیژڕەوی تۆمار نەکرێن. هاووڵاتیانیش وێنەیان بۆمان دەگرن و ئێمەش رێوشوێنی یاسایی توندیان لەبەرامبەر دەگرینە بەر.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژە بەوە دەکات، هەر شوفێرێک بەو حاڵەتەوە بگیرێت، دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت و سزایەکی دارایی توند دەکرێت.
دەشڵێت، خۆتان لەو جۆرە سەرپێچییە بەدوور بگرن چونکە ئەگەر نەکەونە بەر چاوی ئەفسەر و کارمەندانی هاتوچۆ، هەزاران هاووڵاتی بەرپرس و هاوکار هەن کە وێنە و ڤیدیۆتان دەگرن و بۆ هاتوچۆ رەوانەیان دەکەن.