Jul 18, 2024 | كوردستان
شاندی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عیراق لەسەر چەند خاڵێك لەبواری باج گەیشتنە رێككەوتن و لەمەودوا یەكخستنی ڕێكارو ڕێوشوێنەكانی وەرگرتنی باج بە میكانیزمی هاوبەش دەبێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دوای سەردانی لیژنەی باڵای ڕێكخستنەوەی باج لە حكومەتی فیدراڵی بۆ هەرێمی كوردستان و كۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری دارایی و بەڕێوەبەری گشتی باج و خانوبەرەی میری و بەڕێوەبەری گشتی كاروباری پەیوەندییەكان و بەدواداچوون لە نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە بەغدا، لەسەر چەند خاڵێك لەبواری باج گەیشتنە رێككەوتن كە دەبێتە كارئاسانی بۆ ئەو كارگەو كۆمپانیاو بانكانەی لە هەرێمی كوردستان و عیراق كاردەكەن.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، ئەو خاڵانەی كە هەردوولا لەسەری رێككەوتوون، بریتین لە:
١- داننان بە پاكانەی باجی هەرێم لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە، كە پێشتر هیچ بایەخێكیان بۆ دانەدەنا.
٢- چارەسەركردنی كێشەی كارگەكانی كوردستان، كە پێشتر داوای باجیان لێ دەكردن بەبیانووی ئەوەی بەرهەمەكانیان لەناوچەكانی باشوورو ناوەڕاستی عیراق ساغ دەكەنەوە، بۆ لەمەودوا ئەو كارگانەی لەكوردستانن دەبێت باجی داهاتەكانیشیان لەكوردستان بدەن.
٣- چارەسەركردنی كێشەی پێدانی سووتەمەنی بۆ كارگەكانی هەرێمی كوردستان بەنرخی هاندراو كە ماوەیەكە پێدانی سووتەمەنیان بەو كارگانە ڕاگرتووە بەبیانووی نەدانی باج بە حكومەتی فیدراڵی.
٤- ڕێكەوتن لەسەر یەكخستنی ڕێكارو ڕێوشوێنەكانی وەرگرتنی باج كرا بە میكانیزمی هاوبەش.
٥- هەردوولا لەسەر بانكەكان ڕێكەوتن كە بارەگای سەرەكی بانكەكە بكرێتە بنەما بۆ وەرگرتنی باج.
٦- هەردوولا ڕێككەوتن لەسەر هەماهەنگی پێویست و گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو بۆ ڕێگریكردن لە خۆدزینەوە لە باج.