Jun 29, 2024 | جیهان
سوپای رووسیا كۆنترۆڵكردنی ناوچەیەكی دیكەی سنووری كۆماری دۆنێتسك-ی لەژێر دەسەڵاتی ئۆكراینا راگەیاندو لەماوەی 24 كاتژمێری رابردووشدا زیاتر لە هەزارو 430 سەربازی ئۆكراینی لە بەرەكانی شەڕدا كوژراون.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هێزەكانیان لە هێرشێكی فراواندا بۆسەر شارۆكەی شومی لەسنووری كۆماری دۆنێتسك، توانییان شارۆچكەكە بە تەواوەتی كۆنترۆڵ بكەن و هێزەكانی ئۆكرایناش دوای زیانێكی زۆر، پاشەكشەیان كرد.
وەزارەتەكە ئاشكراشیكردووە، هێزەكانیان لە زۆربەی بەرەكانی شەڕ لە پێشڕەویدان و لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا لەهەردوو بەرەی رۆژهەڵات و باشوور، هەزارو 435 سەربازی ئۆكراینی و چەكداری بیانی كە وەك بەكرێگیراو لەپاڵ سوپای ئۆكراینا شەڕ دەكەن، كوژراون.
لەدوو مانگی رابردوودا، سوپای رووسیا هێرشەكانی بۆسەر پێگە سەربازییەكانی ئۆكراینا چڕتركردووەتەوەو لەو ماوەیەدا چەندین شارۆچكەو ناوچەی گرنگی ستراتیجی لەسنووری هەرێمەكانی خاركیف، دۆنێتسك و لۆهانسك، كۆنترۆڵكردووە.