Jun 20, 2024 | جیهان
کەنەدا سوپای پاسدارانی خستووەتە لیستی تیرۆرەوە، ئێران لەم هەنگاوە تووڕەیە و هەڕەشەی وەڵامدانەوە دەکات. هاوکات وەزیری دەرەوەی کەنەداش داوا لە هاوڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات ئێران بەجێبهێڵن.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، دوای ئەوەی کەنەدا سوپای پاسدارانی وڵاتەکەی خستە لیستی تیرۆرەوە، ئەم کارەی بەتوندی ئیدانە کرد و ڕایگەیاند:" ئەم بڕیارەی هەنگاوێکی دوژمنکارانە و پێچەوانەی پێوەر و بنەما پەسەندکراوەکانی یاسای نێودەوڵەتییە."
ناسر کەنعانی ڕایگەیاند، کە ئەم کارە "ناژیرانە"ی حکومەتی کەنەدا لەژێر کاریگەری "کۆمەڵێک شەڕخوازان و پێشێلکاری ڕاستەقینەی مافی مرۆڤ" ئەنجامدراوە و درێژەپێدەری ئەو "ڕێبازە هەڵەیە" کە حکومەتی کەنەدا لە چەند ساڵی ڕابردوودا گرتوویەتییەبەر.
کەنعانی وتی:" ئەو کارەی حکومەتی کەنەدا کاریگەری لەسەر دەسەڵاتی شەرعی و هێزی سوپای پاسداران نابێت."
وتەبێژی وەزارەتەکەی ئێران هەروەها ڕایگەیاند، حکومەتی ئێران بەمافی خۆی دەزانێت وەڵامی هاوئاست و گونجاوی بەرامبەر بە کەنەدا هەبێت و وەڵامی ئەم هەنگاوە نەشیاوەی کەنەدا دەداتەوە.
ڕۆژی چوارشەممە حکومەتی کەنەدا، سوپای پاسدارانی ئێرانی وەک "ڕێکخراوی تیرۆریستی" ناساند و داوای لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کرد ئێران بەجێبهێڵن.
میلانیا جۆلی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ئاماژەی بەوەدا کە کەنەدا چەند ساڵێک لەمەوبەر پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ تاران پچڕاندووە، هەروەها ئامۆژگاری خەڵکی کەنەدی کرد کە خۆیان لە گەشتکردن بۆ ئێران بەدوور بگرن.
وەزیری دەرەوەی کەنەدا، ئێرانی بە "پشتیوانی لە تیرۆر و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران و هەروەها ناسەقامگیرکردنی سیستەمی نێودەوڵەتی" تۆمەتبار کرد