Jun 17, 2024 | جیهان
پاسەوانی كەناراوەكانی چین ڕایگەیاند، كەشتییەكی فلیپین بە شێوەیەكی مەترسیدار لە كەشتییەكی چینییەوە نزیك بووەتەوە و بووتە هۆی پێكدادان لە نێوان هەردوو كەشتیەكەدا.
پاسەوانی كەناراوەكانی چین لە بەیاننامەیەكدا ڕوونی كردەوە كە كەشتی گواستنەوەی فلیپینی هۆشداری دەسەڵاتدارانی دەریاوان چینی پشتگوێ خستووە، بەردەوام بوون لە ڕێكردن بە شێوەیەكی نایاسایی لە ئاوەكانی چیندا لە تەنیشت دوورگەی تۆماس شۆلی دووەم لە دەریای باشووری چین.
ئاماژەی بەوەشــكرد، كەشتییەكە بە ئەنقەست و مەترسیدار لە كەشتییە چینییەكە بەشێوەیەكی نابەرپرسانە نزیكبووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی پێكدادانەكە، بەڵام لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بە هیچ بریندارێك و زیانێك بە هیچ كام لە كەشتییەكەدا نەكراوە.
ماوەی چەند مانگێكە چین و فلیپین تۆمەتەكانیان ئاڵوگۆڕ دەكەن بەهۆی مانۆڕ و جوڵە دەریایی و پێكدادانەكان لە دورگەی دووەمی تۆماس شوال كە دوورگەیەكی مەرجانییە و دەكەوێتە ناوچەی ئابووری تایبەتی فلیپین.
چین دەڵێت سەروەری تەواوی بەسەر دەریای باشووری چینی هەیە، لەنێویاندا ئەو بەشانەی كە فلیپین، ڤێتنام، ئەندەنوسیا، مالیزیا و برۆنای بە هاوبەشی دەزانن.