12162024_152922024_mak_770x420.jpg

بۆچی ماکرۆن پەرلەمانی فەڕەنسای هەڵوەشاندەوە؟

Jun 10, 2024  |   جیهان 

هاوکات لەگەڵ کۆتاییهاتنی کۆتا ڕۆژی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا و بڵاوبوونەوەی ئەنجامی بەرایی بەسەرکەوتنی 30%ی پارتی ڕاستڕەوی "کۆمەڵگەی نیشتمانی" بە سەرۆکایەتی مارین لۆپێن لە فەرەنسا، سەرۆکی فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن، پەرلەمانی وڵاتەکەی هەڵووەشاندەوە و بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختەی دەردەکات.

ماکرۆن لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا وتی: بەم نزیکانە فەرمانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی یەکەمی پەرلەمان لە ٣٠ی حوزەیران و خولی دووەم لە ٧ی تەمموز واژۆ دەکەم.

ئەم بڕیارە چاوەڕواننەکراوەی ماکرۆن کە شەوی یەکشەممە - ٩ی حوزەیران ڕاگەیەندرا، دوای ئەوە هات کە خەمڵاندنە سەرەتاییەکان لەسەر بنەمای ڕاپرسییەکانی دەنگدەرانی فەرەنسا پێشبینیان کردبوو کە پارتی "نوێبوونەوە"ی ئیمانوێل ماکرۆن تەنها نزیکەی لەسەدا ١٥ی دەنگەکانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەوروپا بەدەستبهێنێت، و پارتە سەرەکیەکەی تر "سۆسیالیستەکان" بە سەرۆکایەتی ڕافایل گلوکسمان نزیکەی لەسەدا ١٤ی دەنگەکانی بەدەستهێنا.

مارین لۆپێن، سەرۆکی پارتی ڕاستڕەوی "کۆمەڵگەی نیشتمانی" ڕایگەیاند، ئامادەیە دەسەڵاتەکە بگرێتە دەست.

هەرچەندە پێدەچێت پارتی ڕاستڕەوی لوپێن لە لێواری سەرکەوتنێکی مێژوویی بۆ نەریتخوازەکان و ڕاستڕەوەکان لە فەرەنسادا بێت، بەڵام زۆرینەی دەنگی ئەو پارتە ناوەندگەرایی و چەپانەی کە پشتیوانی ئیمانوێل ماکرۆن دەکەن زۆر زیاترە لە پارتەکەی لۆپێن، و ڕەنگە ئەمەش هۆکارێک بێت بۆ ئەوەی سەرۆکی فەرەنسا بەمتمانەوە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی راگەیاند و داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکات.

ماکرۆن لە وتارەکەیدا لە کۆشکی ئەلیزەوە وتی: بڕیارم داوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوو لە ڕێگەی دەنگدانەوە بۆ ئێوە بگەڕێنمەوە. بۆیە پەرلەمان هەڵدەوەشێنمەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان "بۆ پارتەکانی لایەنگری یەکێتی ئەوروپا باش نەبوون".

سەرۆکی فەرەنسا لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ناسیۆنالیست و پۆپۆلیستەکان مەترسی لەسەر نەتەوەی فەرەنسا و هەروەها بۆ ئەوروپا و پێگەی فەرەنسا لە ئەوروپا و جیهاندا دروست دەکات.

جگە لە هەردوو پارتی "نوێبوونەوە" (ماکرۆن) و سۆسیالیستەکان (گلوکسمان) کە بە ڕێژەی 15 و 14%ی دەنگەکان مەزەندە دەکرێت، پارتی چەپی "فەرەنسای خۆڕاگر" بە 8.3 دەنگ و پارتی سەوزی فەرەنسا 5.2ی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە.

لە کۆتا ڕۆژی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەوروپادا نزیکەی ٣٦٠ ملیۆن کەس چوونەتە سەر سندوقەکانی دەنگدان لە ٢١ وڵاتدا، لەوانە ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیسپانیا و پۆڵەندا.

بەپێی ڕاپرسییەکان، پارتە گەورەکان و لایەنگرەکانی یەکێتی ئەوروپا، زۆرینەی خۆیان دەپارێزن، بەڵام حزبە ڕاستڕەو و ناسیۆنالیستەکان کورسی زیاتر لەم پەرلەمانە 720 ئەندامەدا بەدەستدەهێنن.

ئەمە یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپایە دوای دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا.

ئەم هەڵبژاردنانە لە کاتێکدا بەڕێوەدەچن کە کیشوەری ئەوروپا ڕووبەڕووی زیاتر مەیلی ناسیۆنالیزم و دابەشبوونی سیاسی دەبێتەوە.