6962024_barmta_770x420.jpg

" لە ئازادکردنی چوار بارمتەی ئیسرائیلی، 210 فەڵەستینی کوژراون و 400 کەسیش بریندارن "

Jun 9, 2024  |   جیهان 

دوای ئەوەی ئیسرائیل رایگەیاند کە توانیویانە چوار بارمتەی ژێردەستی حەماس ئازادبکەن لە کەرتی غەززە، بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند کە لە ئۆپەراسیۆنی ئازاد کردنی چوار بارمتە لە شاری ناسیرات لە ناوەندی کەرتی غەززە، 210 فەلەستینی کوژراون و لانیکەم 400 کەسیش بریندار بوون. 

رۆژی شەممە سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، پاش شەڕ و پێکدادان لەگەڵ چەکدارانی بزوتنەوەی حەماس، توانیویانە چوار بارمتە لە ئۆپەراسیۆنێکدا لەناو کەرتی غەززە رزگار بکەن.

وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئۆپراسیۆنی ئازادکردنی چوار بارمتەکەی ژێردەستی حەماسی بە یەکێک لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنەکان لە ماوەی 47 ساڵ لە سوپادا ناوبرد و وتی:"هێزەکانمان لە ئاڵۆزترین ژینگەی شارەکانی غەززەدا ئۆپەراسیۆنەکەیان کردووە".

دوای چەند کاتژمێرێک لە ئازادکردنی بارمتەکان، خۆپیشاندانێکی دیکە لە تەلئەڤیڤی ئیسرائیل بەڕێوەچوو. لە کاتێکدا لە ماوەی رابردوودا بەردەوام خۆپیشاندان بۆ ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان لەو وڵاتە بەڕێوەچووە.

پۆلیسی ئیسرائیلیش ڕایگەیاند لە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی چوار بارمتەکە لە غەززە ئەفسەرێکی هێزی تایبەت کوژراوە.

سوپای ئیسرائیل لە یەک کاتدا هێرشیان کردبووە سەر دوو شوێنی حەماس لە نوسیرات کە دەکەوێتە ناوەندی غەززە.

نوسیرات یەکێکە لەو ناوچە کەمانەی غەززە کە هێزەکانی زەمینی ئیسرائیل لە سەرەتای شەڕەکەوە تا ئێستا ئۆپەراسیۆنیان تێدا ئەنجام نەداوە.

بزووتنەوەی حەماس ئێوارەی ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل بۆ ئازادکردنی چوار بارمتە لە نوسیرات لە غەززە، 210 فەلەستینی کوژراون و لانیکەم 400 کەسیش برینداربوون.

بزووتنەوەی حەماس لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هێشتا بارمتەی زۆری هەیە و دەتوانێت زیادیان بکات.

گروپەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئازادکردنی ئەو چوار بارمتە دوای حەوت مانگ هیچ گۆڕانکارییەک لە "شکستی ستراتیژی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە" ناکات.

مەحمود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین، خوازیاری کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ تاوتوێکردنی "کۆمەڵکوژی لە کەمپی نوسیرەت" لە میانی ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل بۆ ئازادکردنی ئەو چوار بارمتەیە. ئەو ئەمریکای بە بەرپرسیار لەم "کۆمەڵکوژییە" ناوبرد.