May 5, 2024 | جیهان
لە لوبنانەوە دەیان مووشەك ئاڕاستەی باكووری ئیسرائیل دەكرێت و شارۆچكەی كریات شمۆنا دەكرێتە ئامانج، حزبوڵڵاش رایدەگەیەنێت، هێرشەكە لەوەڵامی هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆسەر شارۆچكەی میس جەبەل لەباشووری لوبنان دێت كە كوژران و برینداربوونی ژمارەیەك هاوولاتی مەدەنی لێكەوتەوە.
حزبوڵڵای لوبنان لە ڕاگەیاندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ یەكشەممە بە ئاڕاستەكردنی دەیان مووشەك لەجۆرەكانی كاتیۆشا و فەیلەق، شارۆچكەی كیریات شمۆنا-یان لە باكووری ئیسرائیل كردووەتە ئامانج.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، هێرشەكە مووشەكییەكە لەوەڵامی ئەو هێرشەی سوپای ئیسرائیل دێت كە كردییە سەر شارۆچكەی میس جەبەل-ی باشووری لوبنان و بەهۆیەوە ژمارەیەك هاووڵاتی مەدەنی كوژران و بریندار بوون.
پێشتر میدیاكانی لوبنان بڵاویان كردبووەوە، لەئەنجامی هێرشێكی فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای ئیسرائیل، بۆسەر شارۆچكەی میس جەبەل، چوار كەس كوژران، كە یەكێكیان منداڵەو ژمارەیەكی دیكەش بریندار بوون.
بەهۆی هێرش و بۆردومانە بەردەوامەكانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر ناوچەكانی باشووری لوبنان، بەشێك لە دانیشتووانی ئەو ناوچانە ماڵ و حاڵیان جێهێشتووەو روویان لە ناوچەكانی دیكەی لوبنان كردووە