92522024_AP22320158405104_770x420.webp

تره‌مپ: من سه‌رۆك بومایه‌ حه‌وتی ئۆكتۆبه‌ر و جه‌نگی ئۆكرانیاش ڕووی نه‌ده‌دا

Feb 26, 2024  |   جیهان 

سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، ئەگەر لە دەسەڵاتی سەرۆکایەتی ئەمریکادا بووایە، ئەوە ھێرش نەدەکرایە سەر ئیسرائیل و جەنگی ئۆكرانیاش ڕووی نەدەدا.
دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەی نەریتی کاری سیاسی پارێزگاران سەربە یەکێتیی پارێزگارانی ئەمریکا كە لە ویلایەتی ماریلاند ئەنجامدرا، ڕایگەیاند كە چوار ساڵ بەرلە ئێستا ھۆشداری ئەوەی دابوو، ئەگەر جۆ بایدن بە سەرۆکی ئەمریکا ھەڵبژێردرێت، ئەوە سنوورەکانی وڵات نامێنن و بەشێکی زۆری چینی مامناوەند لەناودەچن، ھەروەھا تاوانە توندوتیژەکانیش زیاد دەکەن.
ئاماژەی بەوەشدا کە لە سەرکەوتنی جۆ بایدن لە ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا، ئەوە دۆخی ویلایەتە یەکگرتووەکان خراپتر دەبێت.
بڕیارە ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە کۆتایی ئەمساڵدا، ئەنجام بدرێت.
دۆناڵد ترەمپ ئەو کۆچبەرانەی کە لە ڕێگەی خاکی مەکسیکەوە ڕوو لە ئەمریکا دەکەن بە "بیانی نایاسایی" وەسف کرد و وتی: "لە کاتی سەرکەوتنی جۆ بایدن لە ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا، ئەوە ژمارەی کۆچبەرانی نایاسایی لە ئەمریکا ٥٠ ملیۆن کەس تێدەپەڕێنێت، ھەروەھا چەتەکان خاکی ئەمریکا داگیر دەکەن".