1810112023_163112023_91112023_waq_770x420.webp

ناتانیاهۆ بڕیاری كۆتایی لەبارەی ئايندەى كەرتی غەززە دەدات

Nov 10, 2023  |   جیهان 

سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، رایدەگەیەنێت، لەدوای نەمانی حەماس، وڵاتەكەی كۆنتڕۆڵی تەواوی ئاسایشی كەرتی غەززە دەكات و دەیكاتە ناوچەیەكی داماڵدراو لە چەك.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكایەتی وەزیرانی ئیسرائیل، ئەمڕۆ هەینی، بنیامین ناتانیاهۆ، لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی خۆجێیی ناوچەكانی نیشتەجێبوونی ئیسرائیل لە دەوری كەرتی غەززە، رایگەیاندووە، لەدوای تەواوبوونی پرۆسە سەربازییەكانیان لەكەرتی غەززە، وڵاتەكەی بەتەواوەتی كۆنتڕۆڵی ئاسایشی ئەو ناوچەیە دەكات.

ناتانیاهۆ جەختی لەسەر پلانی سەرەكیی ئیسرائیل لە كەرتی غەززە كردەوەو رایگەیاند: چەكدارانی حەماس لەناودەبەین و كەرتی غەززەش دەكەینەوە ناوچەیەكی داماڵدراو لە چەك و تەقەمەنی.

ئەم لێدوانەی سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل لەكاتێكدایە، ناوبراو لەمیانی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنی فۆكس نیوز-ی ئەمریكا، رایگەیاندبوو، بەنیاز نین غەززە داگیر بكەین و ناشمانەوێ بەڕێوەی ببەین.