Nov 5, 2023 | عیراق
دادگای فیدراڵیی عیراق لەبارەی دوو سكاڵای تایبەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە. یەكێك لەسكاڵاكان دژی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆماركراوە و داوادەكرێت پێنج ماددەی یاساكە بە نادەستووری دابنرێت.
سكاڵاكان لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە خوولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان و ئامانج شەمعوون، ئەندامی كریستیانەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمار كراون.
تاوەكو ئێستا دادگاكە چەند جارێك لەبارەی ئەو سكاڵایانە كۆبووەتەوە، بەڵام هەموو جارێك بڕیاری دواخستووە. دوایینجار رۆژی 15ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ بوو.
سكاڵای یەكەم لەلایەن زیاد جەبار تۆمار كراوە و تێیدا سكاڵاكار داوای نادەستووریبوونی مادەكانی (36،22،15،9،1)ی یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان دەكات.
مادەی یەكەم: پەرلەمانی كوردستان - عێراق لە 111 ئەندام پێكدێت.
مادەی نۆیەم: هەرێمی كوردستانی عێراق بە یەك ناوچەی دەنگدان دادەنرێت.
مادەی 15: بۆ هەرێمی كوردستان، تۆمار بەناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی سەنتەرەكانی هەڵبژاردن ئامادە دەكرێن بەپێی ریزبەندیی پیتە ئەبجەدییەكان.
مادەی 22: هەر كیانێكی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، بۆی هەیە لیستێكی تایبەت بە بەربژێرەكانی خۆی لەسەر ئاستی كوردستانی عێراق پێشكێش بكات، كە رێژەیەك ئافرەتی تێدابێت، لە 30% كەمتر نەبێت.
1ی تشرینی یەكەمی 2023 دادگای باڵای فیدراڵیی عیراق داوای لە نوێنەری یاسای پەرلەمانی كوردستان كرد وەڵامی پرسیارێكیان بدەنەوە، كە تایبەت بووە بەوەی پێش ساڵی 2004 شێوازی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان چۆن بووە. تیمی پارێزەرانی پەرلەمانی كوردستانیش وەڵامی خۆیان رادەستی دادگە كرد.
پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2005، یەك هەڵبژاردن كرا كە لە ساڵی 1992 بوو. لە ساڵی 2004 یاساكە هەموار كرا و مادەی نۆی لادرا، كە باسی لەوە دەكرد، "هەرێمی كوردستان لە چەند ناوچەیەكی هەڵبژاردن پێكبێت بە مەرجێك لە چوار ناوچە تێنەپەڕێت و كرایە یەك بازنەی هەڵبژاردن."
بڕیارە لە 25ی شوباتی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكرێت، كە بە سەرپەرشتی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق دەبێت.