816102023_220918193138-biden-too-early-to-decide-about-2024-super-tease_770x420.jpg

جۆو بایدن: داگیرکردنی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە ھەڵەیەکی گەورە دەبێت

Oct 16, 2023  |   جیهان 

سەرۆکی ئەمریکا، جۆو بایدن  پێی وایە  کە داگیرکردنی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە "ھەڵەیەکی گەورە" دەبێت، بەڵام پێدەچێت ئەمە قبوڵکراو بێت سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەی کە چاوەڕان دەکرێت لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە دژبە بزووتنەوەی حەماس ئەنجام بدرێت.

جۆو بایدن  لە دیمانەیەکدا لەگەڵ بەرنامەی "٦٠ خولەک" کە لە کەناڵی "CBS News"  پەخش کرا ڕایگەیاند: "پێم وایە، داگیرکردنی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە ھەڵەیەکی گەورە دەبێت".

گوتیشی: " بە بڕوای من ئەوەی لە غەززە ڕوویداوە، ئەوەیە کە حەماس نوێنەرایەتی ھەموو گەلی فەلەستین ناکات، پێم وایە ھەڵە دەبێت ئەگەر جارێکی دیک ئیسرائیل غەززە داگیر بکاتەوە، بەڵام ڕاوەدوونانی توندئاژۆکان، کارێکی پێویستە".

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەیشدا کە لەباوەڕە دایە، ئیسرائیل بە بنەماکانی یاسای شەڕ لە غەززە پابەند دەبێت و گوتی: "دانیشتووانی غەززە، دەتوانن دەستیان بە خۆراک ، ئاو و دەرمان بگات".

ڕاشیگەیاند: " دەبێت ڕێگایەک ھەبێت بۆ گەیشتن بە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین".

جۆو بایدن بە ئاماژەدان بە "چارەسەری دوو دەوڵەتی" کە بە گوتەی خۆی بۆ دەیان ساڵە، ڕەوتی سیاسەتی ئەمریکا بووە، گوتی: " ئەو کارە، دەبێتە ھۆی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ شانبەشانی ئیسرائیل بۆ پێنج ملیۆن فەڵەستینی".

گوتیشی: "پێویست ناکات ھێز ڕەوانەی ئیسرائیل بکەین، چونکە سوپای ئیسرائیل، بە یەکێک لە باشترین سوپاکانی جیھان دادەندرێت".

سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن ئاشکراشی کرد کە تا ئێستا ھیچ بەڵگەیەکی ڕوون نییە، لەوەی بیسەلمێنێت کە ئێران لە پشت ھێرشەکانەوەیە بۆسەر ئیسرائیل.

ئەمەیش لە کاتیکدایە باس لەوە دەکرێت کە سوپای ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات، بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی وشکانیی بۆسەر کەرتی غەززە ئەنجام بدات.