101572023_shakrr_770x420.jpg

ته‌ندروستیی جیهانی: شه‌كری پیشه‌سازی (ئاسپارتام) هۆكارە بۆ تووشبوون به‌ شێرپه‌نجه‌

Oct 15, 2023  |   هەمەڕەنگ 

رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی و رێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ڕایده‌گه‌یه‌نن: ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ شه‌كری پیشه‌سازی هۆكارێك بێت بۆ تووشبوون به‌ شێرپه‌نجه‌ له‌ مرۆڤدا.

(ئه‌سپارتام) شه‌كرێكی كیمیایی پیشه‌سازییه‌ و له‌ هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه‌ له‌ جیهاندا به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، كۆمپانیاكان ده‌ڵێن: هیچ زیانێكی نییه‌ و ده‌كرێت له‌بری شه‌كر به‌ سه‌ربه‌خۆ و له‌ناو به‌رهه‌مه‌ گازییه‌كاندا بخورێت و بخورێته‌و،ه‌ به‌ڵام ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ شێرپه‌نجه‌، سه‌ر به‌ رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی (ده‌بلیو ئێچ ئۆ) بۆ جاری یه‌كه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ ئه‌م جۆره‌ شه‌كره‌ كردووه‌ و رایگه‌یاند: مه‌ترسیداره‌.

پسپۆڕه‌كانی سه‌ر به‌ (ده‌بلیو ئێچ ئۆ) له‌ رۆژانی 6 تا 13ی مانگی رابردوو كۆبوونه‌وه‌ و له‌باره‌ی شه‌كری پیشه‌سازییه‌وه‌ رایانگه‌یاند: ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ هۆكاری شێرپه‌نجه‌ بێت بۆ مرۆڤ. به‌تایبه‌ت شێرپه‌نجه‌ی خانه‌كانی جگه‌ر.

فرانشیسكۆ برانكا، به‌ڕێوه‌به‌ری كارگێڕیی به‌شی خۆراك و ئاسایشی خۆراك له‌ رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی ئه‌نجامی دوو توێژینه‌وه‌ی له‌باره‌ی شه‌كری پیشه‌سازییه‌وه‌ خستووه‌ته‌ ڕوو و ده‌ڵێت: رێنمایی كۆمپانیاكان ناكه‌ین به‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیان بكێشنه‌وه‌، رێنمایی به‌كارهێنه‌رانیش ناكه‌ین به‌ ته‌واوی واز له‌و به‌رهه‌مانه‌ بهێنن، به‌ڵام له‌نێوان كۆلایه‌ك له‌گه‌ڵ تام و كۆلایه‌كی پڕ له‌ شه‌كر، وا باشتره‌ بیر له‌ بژارده‌ی سێیه‌م بكه‌ینه‌وه‌، ئه‌ویش خواردنه‌وه‌ی ئاوه‌.