Oct 15, 2023 | هەمەڕەنگ
بەهۆی ئەوەی تام و بۆنێكی تایبەتی هەیە، باميە یەكێكە لەو سەوزانەی بە شێوازی جۆراوجۆر لە سەرتاسەری جیهان ئامادەدەكرێت و لەگەڵ خواردنی جیاواز بەكاردەهێندرێت، بەدەر لە تام و بۆ تایبەتەكەی، بامیە بەهۆی ئەو ڤیتامین و كانزایانەی تێیدایە سوودگەلێكی زۆری بۆ چارەسەی كێشە جیاوازەكانی جەستە هەیە وەك؛
دابەزاندنی كێش
لەنێوان بامیە و دابەزاندنی كێش پەیوەندییەكی راستەوانە هەیە بەهۆی ئەوەی رێژەیەكی كەم كاربۆهیدرات و كالۆری تێدایە، لەلایەكی دیكەوە رێژەیەكی زۆر ریشاڵی تێدایە كە هاوكارە لە دابەزاندنی كێش و كەمكردنەوەی هەڵئاوسانی ورگ.
تەندروستیی دڵ
بامیە دڵ دەپارێزێت لە نەخۆشییە جۆراوجۆرەكان، چونكە زیادبوونی مەترسییەكانی پەیوەست بە تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ راستەوانەیە لەگەڵ بەرزبوونەوەی رێژەی كۆلێسترۆڵ لە خوێندا، بەهۆی ئەوەی بامیە مادەیەكی شێوە جەلی لینجی تێدایە و ئەو مادەیە خۆی بە كۆلێسترۆڵی جەستەوە دەلكێنێت، دەبێتە هۆی ئەوەی هەزمبكرێت و دەربدرێت لە جەستەدا.
تەندروستیی سیستمی هەناسە
بەهۆی ئەوەی رێژەیەكی زۆر ڤیتامینی تێدایە و لەوانەش ڤیتامین سی كە سیستمی بەرگریی جەستە چالاك و بەهێزدەكات، بامیە سەرچاوەیەكی سەرەكییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی رەبۆ و كۆكە.
رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییە درێژخایەنەكان
ڤیتامینەكانی ئەی، سی و كەی لەگەڵ پرۆتینەكانی لیكتین لە بامیەدا بەسوودن بۆ رووبەڕووبوونەوەی پووكانەوەی ئێسك، گەشەكردنی خانە شێرپەنجەییەكان و كێشەكانی كۆڵۆن.
بەهێزكردن و گەشەی قژ و جوانكردنی پێست
ڤیتامین، پرۆتین و كانزان لە بامیەدا و دەوڵەمەندیی ئەو سەوزەیە بە ڤیتامین سی، ئی و ئەی، هاوكارە لە بەرهەمهێنانی كۆلاجین، ئەو مادەیەی بەسوودە بۆ شێداركردن و جوانكردنی پێست و بەهێزكردنی گەشەی قژ.