Oct 13, 2023 | جیهان
وەزارەتی بەرگریی رووسیا، بڵاویكردەوە لەماوەی هەفتەی رابردوو، هێزەكانیان بەرپەرچی دەیان هێرشی سوپای ئۆكرایناو چەكدارە بەكرێگیراوە بیانییەكانیان داوەتەوەو زیاتر لە پێنج هەزارو 300 سەربازی ئۆكراینی و چەكداری بیانی لە بەرەكانی شەڕ كوژراون.
وەزارەتەكە ئەمڕۆ هەینی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هێزەكانی ئۆكراینا بە پاڵپشتی چەكدارە بەكرێگیراوە بیانییەكان، لەماوەی هەفتەی رابردوودا چەندین هێرشیان بۆسەر هێزەكانی رووسیا ئەنجامداوەو هیچ پیچشڕەوییەكیان بەدەستنەهێناوەو سەرجەم هێرشەكانیش بەرپەرچ دراونەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە، هەر لەو ماوەیەدا سوپای رووسیا چەندین پێگەی سەربازیی ئۆكراینای لە بەرەكانی كۆبیانسك، خاركۆڤ و دۆنێتسك، مووشەكباران كردووەو كۆی زیانە گیانییەكانی ئۆكرایناو چەكدارە بیانییەكانی هاوپەیمانی، گەیشتووەتە زیاتر لە پێنج هەزارو 300 چەكدار، جگە لە تێكشكاندنی دەیان سەكۆی مووشەكی و تانك و زرێپۆش و خاپووركردنی چەندین كۆگای چەك و تەقەمەنی.
ماوەی زیاتر لە چوار مانگە سوپای ئۆكرانیا هێرشی پێچەوانەی دەستپێكردووە بەئامانجی كۆنترۆڵكردنەوەی ئەو ناوچانەی كە لەلایەن سوپای رووسیاوە داگیركراوە، هەرچەندە بەرپرسانی ئۆكراینا رایدەگەیەنن كە هێزەكانیان توانیوانە رووبەرێكی فراوانی ئەو ناوچانە كۆنترۆڵ بكەنەوە، بەڵام وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوەو رایدەگەیەنێت، هێزەكانی ئۆكراینا نەك هیچ سەركەوتنێكیان لەئەنجامی هێرشە پێچەوانەكەیان بەدستنەهێناوە، بەڵكو زیانێكی زۆریان بەركەوتووەو جگە لە كوژرانی هەزاران سەرباز، هاوكات زیاتر لە نیوەی ئەو چەكە قورس و پێشكەوتووانەشیان لەدەستداوە كە لەلایەن ئەمریكاو وڵاتانی ئەوروپاوە رادەستیان كرابوو.